هاوڵاتی ناوی كاندیدێكی نوێ بۆ سەرۆك كۆمار ئاشكرا دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
هەرچەندە بە فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێن تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵحە، بەڵام پارتی بە فەرمی بەیەكێتیان راگەیاندووە كە كاندیدەكەیان بگۆڕن و لەئێستادا گفتوگۆكان لەسەر ئەو پرسە بە چڕی دەستی پێكردووە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقی كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی ئەوەی دووپاتكردەوە تا ئەم ساتەی گفتوگۆ دەكەین تاكە كاندید بەرهەم ئەحمەد ساڵحە.

هەروەها وتیشی:" پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستحقاقی یەكێتییەو ئەو مافە هی خۆیەتی چ كەسێكی كاندید كردووە، بەڵام پارتی ڤیتۆی لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە تا ئێستاو چارەسەر نەكراوە، بۆیە ناوی (خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار".

بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی، كە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی كەوتووە، بەرهەم ساڵح لەگەڵ چەند لایەنێكی نێو عێراق گفتوگۆكانی بۆ ئەو پرسە دەست پێكردووەو ئەو پەیامەشی داوەتە یەكێتی كە پارتی ناتوانێت رێگری بكات" ئەگەر وەك 2018 بچنە كێبركێوە لەگەڵ كاندیدی پارتی، كاندیدی یەكێتی سەردەكەوێت".

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەك لەنێو پارتی بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەروو كە نازانن بەبێ سەدر لەعێراقدا چی روودەدات، چونكە رووداوەكان پێشبینی ناكرێت، وتیشی:" پارتی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كاندید كردنەوەی بەرهەم ساڵح نییە، ئیتر یەكێتی خەسرەو گوڵ محەمەد یان لەتیف رەشید دادەنێت ئەوە شتێكی دیكەیە".

"ئەگەر یەكێتی سووربێت لەسەر كاندید كردنی بەرهەم ساڵح كەواتە نایەوێت لەگەڵ پارتی یەك وەرەقەی هەبێت بۆ دانوساندن و پێكهێنانی حكومەت، ئێمە دەمانەوێت كورد بە وەرەقەیەكی سیاسی و لەپێناو بەرژەوەندی كورد چەند خاڵێكی جەوهەری بە حكومەتی نوێی عێراق جێبەجێ بكەین"، سەرچاوەكەى نێو پارتی واى وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار