ئومێد خۆشناو: هەر بەنزینخانەیەك دەستكاری كوالێتی بەنزین بكات ناوەكەی بڵاودەكرێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی یەكشەممە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ژمارەیەك بڕیاری تایبەت بە دابەشكردنی بەنزین دەركردوە و یەكێك لەبڕیارەكانیش ئەوەیە كە سیستمی تاكو جووت نامێنێ.
ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی حوزەیرانی 2022 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەپێناو باشتر رێكخستنەوەی كێشەی بەنزین و ئەو گرفتانەی رۆژانە روبەڕوی هاوڵاتیان دەبونەوە، لەكۆبونەوەیەكدا ئەمڕۆ پێنج بڕیاری پێویستیان دەركرد لەسبەینێشەوە بڕیارەكان دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەروەها راشیگەیاند:" یەكێك لە بڕیارەكان تایبەتە بە بەنزینی 690 دیناری كە لەلایەن كۆمپانیای كارەوە دابیندەكرێت رۆژانە 400 هەزار لیتر دەدرێتە پارێزگای هەولێر، لەگەڵئەوەشدا بەنزین لەسەر ژمارەی هاوڵاتیان دابین ناكرێت، بەڵكو بەپێی ئاماری ژمارەی ئۆتۆمبێل دیاریدەكرێت و بەپێی ئاماری سەرەتاییش ئۆتۆمبێلەكانی هەولێر 57%ی كۆی سەرجەم ئۆتۆمبێلەكانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن و دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەش بەشە بەنزین بۆ شارەكە دابین بكرێت، ئەو داتایەش پێشكەش بەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەكرێت".
خۆشناو باسی لەوەشكرد كە لەپێناو كەمبونەوەی بارگرانی و ئەركی سەر شۆفێرانی تاكسی و پاس، بەنزینی 690 دیناری تەنها بۆ پاس و تاكسی بە سیستمی تاك و جوت لە نۆ بەنزینخانە دابەشدەكرێت، تاكسیەكان تانكیەكانیان فول دەكەن و رێژەیان بۆ دیارینەكراوە، بەڵام بۆ پاسەكان 50 لیتر دیاریكراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێك لیتری بەنزینی 800 دیناری دابەشدەكرێت، لەپێناو كەمكردنەوەی قۆرخكاری بڕیاردرا هەمو بەنزینخانەكانی سنوری هەولێر ئەوانەی مۆڵەتدراون داواكاری پێشكەش بەنەوت و كانزاكان بكەن بۆئەوەی بڕە بەنزینێكیان پێ بدرێت، ئەو بەنزینەش بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتە بەبێ رەچاوكردنی سیستمی تاك و جوت و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكیش 50 (پەنجا) لیترە".
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بڕیاریشیان لەپێناو كەمكردنەوەی گرفتەكان لەسەر بابەتی كوالێتی بەنزین، هەفتانە ناوی ئەو بەنزینخانانە بڵاودەكەنەوە كە دەستكاری كوالێتی دەكەن، وتیشی:" بەنزینی كۆمپانیای كار و 800 دیناریەكەش كوالێتیەكەیان زۆر باشە، ئەگەر لەبەنزینخانەكان دەستكاری بكرێت رێكاری یاسایی توند دەگرینەبەر و بەنزینخانەكان دادەخەین و پێبژاردنیان دەكەین".
