سەفین مەلا قەرە: ئەوانەی گۆڕانن پێویستە شانازی بەخۆیانەوە بكەن
" هەموو گۆڕانكارییەك لەهەولێرەوە دەستپێدەكات بۆ ئێمە گرنگە"

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەفین مەلا قەرە، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند:" گۆڕان هێزی چینە جیاجیاكانە و ئەو هێزەیە كە گوزارشت لە بۆچون و موعاناتی خەڵك دەكات".
ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی حوزەیرانی 2022، سەفین مەلا قەرە لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای كۆنفڕانسی نیشتیمانی لەگەڵ ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێر و هەڵسوڕاوانی سنورەكە، رایگەیاند:"هەریەكە لە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان لە هەموو ئاستەكان، رەخنە و تێبینی و مافمان هەیە، بەڵام ئەركیشمان كەوتوەتە سەر شان و پێویستە سوود لە ئەزمونی رابردومان وەربگرین، لێرەین رەخنە و سەرنج و تێبینی ئێوە، وەك گۆڕانخوازانی هەولێر بە هەند وەردەگرین بۆ داڕشتنەوەی سیاسەت و خۆنوێكردنەوە و ئامادەكاری بۆ قۆناغی نوێ، چونكە هەولێر بۆ ئێمە گرنگە و هەمو گۆڕانكارییەك لە هەولێرەوە دەستپێدەكات".
ناوبراو راشیگەیاند:"گۆڕان بزوتنەوەیەكی جەماوەریی زیندوە و بەردەوامیی دەدات بە هەنگاو و هەوڵەكانی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و بنەماكانی لە خزمەتی خەڵك و پڕۆسەی چاكسازی و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا، گۆڕانخوازانی شاری هەولێر پێویستە شانازی بە خۆیانەوە بكەن، كە لەناو پڕۆژەیەكی سیاسی سەر مەشقدا كاریان كردوە تائێستا هیچ هێزێكی سیاسی نەیتوانیوە پێی بگات و تێی بپەڕێنێت نە لە بەرنامەی سیاسی نە لە كاریگەرییەكەی و نە لەو گۆڕانكاریانەی لە ژیانی سیاسی كردویەتی".
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە گۆڕان هۆشیاری میللی خەڵكی كوردستانی بەرامبەر ماف و داخوازی خۆی و بازنەی ئازادییەكانی فراوانكردووە، وتیشی:" دەنگی هاوڵاتیانی ئازاتر كرد، بۆیە دەتوانن شانازی بەوەوە بكەن كە پڕۆژە سیاسییەكەتان كاریگەرییەكی گەورەی لە فەزای دیموكراتی و سیاسی دروستكردووە".
بزوتنەوەی گۆڕان یەكێكە لە پێكهێنەرانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستانیش خاوەنی 12 كورسییە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق كە 10ی (تشرینی یەكەم/10)ی 2021 بەڕێوەچوو، نەیتوانی هیچ كورسییەك بەدەستبهێنێت كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو لەو هەڵبژاردنەدا.
