ڕێكخراوێك رێژەی زیادكردنی باج لەلایەن كابینەی نۆیەمەوە ئاشكرا دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی ستۆپ، ڕێژەی باج لە هەرێمی كوردستان لەسەدا 621%   زیادیكردووە و چاكسازیی جێبەجێ نەكراوە و كاری نایاسایی و قاچاخچێتی بەردەوامە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی حوزەیرانی 2022، لە هۆتێل های كریست لە شاری سلێمانی، ڕێكخراوی ستۆپ گفتوگۆیەكی كراوەی ڕێكخست، بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی چاكسازی دارایی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.

ئاری عەبدوڵا، ئەندامی ڕێكخراوی ستۆپ بەشی یەكەمی ڕاپۆرتەكەی خوێندەوە و تێیداهاتبوو كە داهاتی باج لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012بڕەكەی 128 ملیار دینار بووە، بەڵام لە ساڵی 2021 لە كابینەی نۆیەم ئەو ڕێژەیە بەرز بووەتەوە  بۆ 796 ملیار دینار.

بەپێی خەمڵاندنی ئەو داتایانە، داهاتی باج لە هەرێمی كوردستان لە سەدا 621% زیادی كردووەو لە ساڵی 2021 بڕی460 ملیار دینار داهاتی نانەوتی زیادیكردووە.

هێما بۆ ئەوەشكرا كە زیادكردنی باج و توندكردنەوەی ڕێكارەكانی وەرگرتنی باج، بووەتە هۆی هەڵاوسان و گرانبوونی شتومەك لەبازاڕ و نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان بەرزبوونەتەوە، ئاری عەبدوڵا وتیشی:" بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە چینی ناوین لە هەرێمی كوردستان نەماوە و بەزەقی دوو چین هەیە، چینێكی هەژار كە زۆرینەیە لەگەڵ چینێكی دەوڵەمەند كە كەمینەی كۆمەڵگەیە".

لەبارەی ئەدای كابینەكەی مەسرور بارزانییەوە تێیدا هاتبوو، بەڵێنەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەم جێبەجێ نەكران، كاری نایاسایی و قاچاخچێتی بەردەوامە، ڕێكارەكانی كۆكردنەوەی باج توند كراوەتەوە و باج لەسەر هاوڵاتییان زیادكراوە، دوو ئیدارەیی هەیە و بەیەك پاكێج مامەڵە لەگەڵ داهاتدا نەكراوە.

هاوكات، فەرمان ڕەشاد ئەندامی ڕێكخراوی ستۆپ بەشی دووەمی ڕاپۆرتەكە خوێندەوە كەخاڵە سنوورییەكان دراوە بە كۆمپانیا تایبەتەكان، گومرك و قەپان و هەموو ڕێكارەكانی تر، وتیشی:" ئێستا لە هەرێم 68 كۆمپانیای ئەهلی  سكیورتی هەیە، كە چەندین سێكتەریان پێسپێردراوە، بەتایبەت پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان لە كاتێكدا دوو لیوای نەوت و گاز هەیە لە هەرێم و ژمارەیان شەش هەزار كەس زیاترە و بۆ پاراستنی كێڵگە و كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت دامەزراوە.

لە كۆتایشدا عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، قسەیكرد و وتی:" لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا بابەتی بەشدارییكردنی بەرپرسان لە وەبەرهێنان و كۆمپانیا و پرۆژەی بازرگانی زۆر خراپ زیادبووە، بەجۆرێك كەس ناتوانێت پرۆژەیەك بكات بەبێ ئەوەی شەریكی بەرپرسێك نەبێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار