كۆمپانیای دانە غاز: فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆرمان راگرتووە.. حكومەتی هەرێم هێزی سەربازی هێناوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كۆمپانیای دانە غاز ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بڕیاریانداوە كاركردن بۆ فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر رابگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2022، كۆمپانیای دانەغاز لە راگەیەندراوێكدا ئەوە دەخاتەروو كە " ئەو هێرشە مووشەكیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا كرانەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر هیچ زیانێكی گیانی و ماددیان نەبووە و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بەشێوەیەكی ئاسایی لەو كێڵگەیە بەردەوامە، بەڵام بڕیارمانداوە كاركردنمان لە پرۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی ناوبراو بۆ ماوەیەكی كاتی رابگرین".
هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە " راگرتنی كارەكان لە پرۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە تاوەكو ئەوكاتە دەبێت كە بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق هەماهەنگی دەكەین و ناوبراوان پشتیوانی خۆیان دەربڕیووە".
" وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردووشدا كرایەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك رێككاری گرتووەتەبەر و هێزی سەربازیی زیاتری بۆ پاراستنی كێڵگە و دامەزراوەكانی ناوچەكە ناردووە"، دانەغاز لە راگەیەندراوەكەیدا وا دەڵێن.
چەندین جار كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادركەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ بە مووشەكی كاتیۆشا هێرشكرایە سەری، بەڵام هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانی و ماددییان لێنەكەوتەوە.
