نێچیرڤان بارزانی: ئاڵۆزكردنی كێشەكان كەس تیایدا براوە نابێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئاڵۆزكردنی كێشەكان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نییە و كەس تیایدا براوە نابێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی حوزەیرانی 2022، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵوێزی بەریتانیا كۆبووەتەوەو پرسی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا گفتوگۆی لەسەر كرا.
دەقی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم:
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مارك برایسۆن ریچاردسۆن، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و لە كۆبونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی عیراق و تەحەدییەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی، كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، دۆخی ناوخۆ و هەڵبژاردنەكانی داهاتوی هەرێمی كوردستان، پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و برەودان بە پەیوەندییەكانی بریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.
هەردولا كۆك بون لەسەر گرنگیی گەیشتنی هێز و لایەنە عیراقییەكان بە لێكگەیشتن بۆ تێپەڕاندنی سەختییەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی لە وڵات، هەروەها جەختیان لە پێویستیی باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لە وڵات كردەوە.
چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی كلیلی ئارامی و چارەسەری كێشەكانی عێراقە
لەبارەی كێشەكانی هەولێر ـ بەغداوە، نێچیرڤان بارزانی دوپاتیكردەوە، "چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، كلیلی ئارامی و چارەسەری كێشەكانی عێراقە و ئاڵۆزكردنی كێشەكان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نییه و كەس تیایدا براوە نابێت".
پرسی كۆچ و كۆچبەران و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی، تەوەرێكی دیكەی كۆبونەكە بو
هاوكات گرنگیی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا، هاریكاری و هەماهەنگی لە بواری ڕوبەڕوبونەوەی تاوان و مادە هۆشبەرەكاندا، پرسی كۆچ و كۆچبەران و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی، تەوەرێكی دیكەی كۆبونەكە بو.
