محەمەد شوكری زانیاری نوێ لەبارەی دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون ئاشكرا دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" تا ئێستا 90 هەزار و 162 كەس فۆڕمیان پڕكردوەتەوە"، راشیگەیاند:" پێشەكییەكی كەم لە بەشداربوان وەردەگیرێت و مانگانەش بە دینار قیستەكانیان لێوەردەگیرێتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی حوزەیرانی 2022، محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی كوردستان، وتی "ئەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبونەی لە كوردستان دروستدەكرێت سەرجەمیان بەیەك شێوە دروست دەكرێن و داوا لە شارەوانییەكان كراوە ئەو شوێنانەی تەرخاندەكرێت بۆ پڕۆژەكان لە نزیكی خزمەتگوزاریەكان و نزیكی رێگاكان بێت".

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەكرد كە سەرۆكی حكومەت داوای لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كردوە خزمەتگوزاریەكانی گواستنەوە نزیك بن بۆ ئەوەی خەڵكی بەگشتی سودمەندبن لێی
محەمەد شوكری وتیشی:"تا ئێستا 90 هەزار و 162 كەس فۆڕمیان بۆ وەرگرتنی یەكەكان پڕكردوەتەوە، كە 80 هەزار و 494 كەس خێزاندارن و نۆ هەزار و 675 كەس ئەوانەن كە هاوسەرگیریان نەكردوە یان جیابونەتەوە".

محەمەد شوكری باسی لەوەشكرد، ئەو كەسانەی كە فۆڕمەكە پڕدەكەنەوە پێویستە تەمەنیان لە 30 ساڵ زیاتربێت و ئەوانەشی كە هاوسەرگیریان نەكردوە "سینگڵن" تەنها دەتوانن داوای ئەو یەكە نیشتەجێبونانە بكەن كە روبەرەكەی 80 مەترە.

"پێشەكی لەو كەسانە وەردەگیرێن كە سودمەند دەبن، بەڵام رێژەیەكی كەم دانراوە بۆ ئەوەی هەم كاریگەری لەسەر بەشداربوەكە دروستنەكات و هەمیش بتوانین بە پشتیوانی حكومەت پڕۆسەكە دەستپێبكەین و یەكەكان دروستبكرێت و هەوڵدەدرێت بە دینار پارەكە لە خەڵك وەربگیرێت بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ خەڵك دروستنەكات و لە ماوەی دوو ساڵیشدا پڕۆژەكان تەواودەكرێن"، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وای وت.

هاوكات، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی روونكردەوە كە رێكخراوی كوردستان بۆ چاودێریكردنی كواڵێتی لەگەڵیان كاردەكەن و هەندێك لە شارەزایانی نێودەوڵەتی دێنە كوردستان و چاودێری پڕۆسەكە دەكەن تا بە سەركەوتویی و بە باشی كوالێتی تەواو بكرێت،وتیشی:"  وەبەرهێنەران داوایان پیشكەشكردوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و قسەشمان لەگەڵ بانكەكان كردووە و ئەوانیش داواكاریان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار