لە بادینان؛ لەدوو روداوی ئاگركەوتنەوە 22خێوەتی ئاوارەكان سووتان

3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
لە دوو رووداوی یەك لەدوای یەكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگر بەردەبێتە ژمارەیەك خێوەت لەكەمپی باجید كەندالا لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دوای روداوەكە بە چەندكاتژمێرێك ئاگر بەردبێتە بەشێك لە دوكانەكانی نزیك كەمپی شاریا.
فەرحان سەعید، خەڵكی قەزای شەنگالە نزیكەی هەشت ساڵە لەكەمپی باجید كەندالا دەژی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت" ئەمڕۆ ئاگر بەربووە قاتعێكی كەمپی باجید كەنداڵا، خێوەتیكی ئامۆزەكەم بەتەواوی سووتا".
"ئوتومبێلی ئاگركوژێنەوە لەناو كەمپدا نییەو دوای رووداوەكە بە نیو كاتژمێر ئنجا ئوتومبێلێك هات و ئیشی نەكرد، دواتر داوای دانەیەكی دیكەیان كرد تا ئاگرەكە بكوژێنێتەوە"، فەرحان سەعید ئاوارەی كەمپەكە وای وت.
هاوكات، بەپێی راگەیاندراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان ، لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوەی كەمپی باجید كەندالا 22خێوەت بەتەواوی سووتان، ژمارەیەك ئاوارەش توشی تەنگە نەفسی بوون بەڵام دۆخی تەندروستی یان جێگیرە.
عەلی تەتەر ، پارێزگاری دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانید ڕاگەیاند، 22خێوەتی گەورە سووتان كە 49خێزان لەو 22خێوەتەدا دەژیان، هەروەها 25كەس توشی تەنگە نەفەسی بوون، بەڵام هەموویان سەلامەتن.
