هەڤاڵ ئەبوبەكر: هەموو مامەڵەكردنێك بەچەكەوە ڕادەگیرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێكی بۆ نەهێشتنی چەكی بێمۆڵەت دەركرد كە هەموو دوكان و بازاڕێكی چەك فرۆشتن دادەخرێن و هەموو مامەڵەكردنێكیش بەچەكەوە ڕادەگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی حوزەیرانی 2022، هەڤاڵ ئەبوبەكر پاریزگاری سلێمانی لە ڕاگەیەندراویكدا دەڵێت:" لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەپێی ڕێنمایی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیرانەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشی سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، هەموو دوكان و بازاڕێكی چەك فرۆشتن؛ دادەخرێن و هەموو مامەڵەكردنێك بەچەكەوە؛ ڕادەگیرێت".
پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە لیژنەی هاوبەشی ئارامیی لە سنوری یەكە كارگێڕییەكاندا خاڵی پشكنین لە ناو شارو دەرەوەی شارەكاندا دادەنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت.
" هەر كەسێك بە چەكی بێ مۆڵەتەوە سەردانی دامودەزگاكان و هەر شوێنێكی تر بكات ڕاستەوخۆ دەستبەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت"، هەڤاڵ ئەبوبەكر وا دەڵێت.
پارێزگاری سلێمانی ئەوەی روونكردووەتەوە كە هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردراون بۆ كاری پێویست، داوا لە هاوڵاتیان دەكەن هاوكارو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان بن.
