ئاڵدار خەلیل: ناتۆ گڵۆپی سەوزی بۆ داگیركاریی دەوڵەتی تورك هەڵكردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
ئەندامێكی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە ڕایگەیاند:"بە هەموو هێزمانەوە بەرخۆدانی مێژوویی دەكەین و پیلانەكانی دەوڵەتی تورك تێكدەشكێنین".

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز لەبارەی كۆبوونەوەی ٢٩ی حوزەیرانی ناتۆوە، ڕایدەگەیەنێت، كە ئەو سازشانەی بۆ توركیا كراون و ئەو بڕیارانەی لەو كۆبوونەوە باڵایەدا دراون، بەشێكن لە چەمكی دژ بە گەلی كورد، راشیگەیاند:" ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا جارێكی دیكە لەسەر پێداگریی دەوڵەتی تورك لە دژی داواكارییە ئازادییەكانی گەلی كورد یەكدەگرن، لە بنەڕەتیشدا بە پێچەوانەی داواكاری و خواستەكانی دەوڵەتی تورك دەجوڵێنەوە، ئەوانەی ئەم بڕیارە دەدەن خۆیانن و نایانەوێت دۆزی گەلی كورد سەربكەوێت، هەروەها دەوڵەتی تورك وەك ئامرازێك بۆ شەڕكردن لە دژی گەلی كورد بەكاردەهێنن".

هەروەها دەشڵێت:" ئەگەر دەوڵەتی تورك پشتگیرییەكی كارای لە ناتۆ وەرنەگرتایە، ئەوا ئێستا گەلی كورد لە دۆخێكی جیاوازدا دەبوو، داخوازییان بۆ ئازادیی بەدیدەهات و جێبەجێ دەكرا. بە واتایەكی تر ناتۆ لە ساڵانی ١٩٨٤ەوە لە دژی بزووتنەوەی كورد شەڕ دەكات و دەیەوێت گەلی كورد لەناوببات، ئەمەی كردووە بە پێوانە و دەستوور و یاسای بنەڕەتیی خۆی، كە هەموو وڵاتان بەشداریی بەشداریی پێبكات بۆ لەناوبردنی كورد".

" ناتۆ بۆ بەشداربوونی سوید و فینلاند لە ڕیزەكانیدا، بڕیاری خۆی نوێدەكاتەوە و وتی: وڵاتانی ناتۆ بە سویدیان وت ‘مادام تۆ دەتەوێت بێیتە ناو ناتۆوە، ئەوا ئێوەش مۆر و ئیمزای خۆتان لە ژێر ڕێككەوتنی شەڕی دژ بە كورد بدەن‌، ئەویش قبوڵی كرد و بەشداربوو، ئاڵدار خەلیل وا دەڵێت.

ئاڵدار خەلیل لە بەردەوامیی قسەكانیدا ئەوەشی وت:" ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەكی دیموكراتییە كە داوای ئازادیی گەلی كورد دەكات، هەرگیز مرۆڤایەتیی بێزار نەكردووە، بەتایبەتی هێزەكانی ڕۆژئاوا لە دژی داعش وەستاونەتەوە و شەڕیان كرد، كە لەو كاتەدا هیچ كەسێك نەیدەتوانی شەڕی داعش بكات، ئەو خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە، ئەوان لە دژی گەورەترین تیرۆر و لە دژی فاشیزم شەڕیان كرد، هاوكات شۆڕشێكی دیموكراتییان ئەنجامدا".

لەبارەی هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ داگیركردنی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش، ئاڵدار خەلیل وتیشی:" دەوڵەتی تورك و حكومەتی ئاكەپە پێداگرن و دەیانەوێت تەواوی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر بكەن، ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بە ئاشكرا نەخشەیەكی بە قووڵایی 30 كیلۆمەتری نیشاندا، كە تەواوی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە ئامانج گرت و وتی “هەموو ئەم ناوچەیە بۆ من دەبێت”، كەس لەوێ دەنگی نەكرد و ئەمە مانای ڕەزامەندییە، لەگەڵ بڕیارەكەی سوید و فینلاند لە ڕێگەی ناتۆوە، وڵاتانی زلهێز “بەڵێ”یان دایە دەوڵەتی تورك و گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساند".

ئاڵدار خەلیل باسی لەوەشكرد:"بۆ ئەوەی ئێمە پێكەوە دەستكەوتەكانمان بپارێزین، پێویستە بە هەموو هێزمانەوە بەرخۆدانی مێژوویی بكەین و پیلانەكانی دەوڵەتی تورك تێكبشكێنین، هاوكات پێویستە ناوچە داگیركراوەكان ئازاد بكەین و تاوەكو دەوڵەتی تورك لە خاكەكەمان دەربكەین".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار