شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا گەیشتووەتە هەرێم

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری تەندروستی ھەرێم ئاشكرای دەكات كە شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا لەجیھاندا دەستی پێكردووە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، ''ھۆكاری زیادبونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لەھەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا لەھەموو جیھان بڵاوبووەتەوە، دو ڕێكار زۆر گرنگە ھاوڵاتیان بیانگرنەبەر؛ یەكەم، ئەگەر نیشانەكانیان ھەبو زو پشكنین بكەنو دووەم، ئەوانەی ڤاكسینیان لەخۆیان نەداوە، لەخۆیانی بدەن.''
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە 'لەوەزارەت لیژنەی باڵا چاودێریی دۆخەكە دەكاتو ھۆشیارییش زۆر گرنگە بۆ ھاوڵاتیان كە ھەستیان بەنیشانەكان كرد پشكنین بكەن و خۆیان لەخەڵك جیا بكەنەوەو لێكدوركەوتنەوە ھەبێت و ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن و خۆیان بپارێزن.''
وەزیری تەندروستی ڕێنمایی هاوڵاتیان دەكاتو دەلێت، ''ئەوانەی توشدەبن لەماڵەوە بمێننەوەو ئەگەر دەوامیان ھەبێت مۆڵەتیان پێ دەدرێت، گرنگیشە ھەركەسێك سێ ژەم ڤاكسین لەخۆی بدات.''
بەپێی ئاماری ڕۆژانەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا دوو هەزارو 747 پشكنینی نوێ ئەنجامدراونو 577 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراونو 93 توشبوش چاكبونەتەوە و هیچ كەسێك گیانی لەدەست نەداوە.
