چاوپێكەوتنی میدیایی لەگەڵ كچە مۆدێلەكان قەدەغە دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە فەرمانی مەسرور بارزانی و بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری گفتوگۆو چاوپێكەوتنى میدیایی لەگەڵ كچە مۆدیلەكان لەهەرێمی كوردستاندا قەدەغە دەكرێت و پەرلەمانتارێكی لیژنەی رۆشنبیری دەستخۆشی لە حكومەت دەكات.
بەپێی ئەو بەدواداچونانەی دەست هاوڵاتی كەوتووە لە وەزارەتی رۆشنبیریو ئەنجومەنی وەزیران، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و چاپ و بڵاوكردنەوە چاوپێكەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ كچە مۆدێلەكان قەدەغە دەكرێت كە تایبەتە بە ژیانی خۆیان و پرسە كۆمەڵایەتییەكان بەو پێیەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێك دەدات.
دوای جیابونەوەی دینا لەهاوسەرەكەی و باسكردنی تەڵاق وەك شتێكی ئاسایی ئەوەندەی دیكە حكومەتی نیگەران كردووەو بڕیارە وەزارەتی رۆشنبیری گشتاندن بۆ سەرجەم میدیاكانی بینرو بیستراو نوسراو بكات و سزاكەشیان داخستنی كەناڵەكە دەبێت.
هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەیان پشتراستكردەوەو رایانگەیاند كە بەم زوانە نوسراوەكە بڵاودەكەنەوەو چەندین خاڵی لەخۆ گرتووە كە تایبەتە بە میدیاكان.
روپاك ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەلیژنەی رۆشنبیری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" بۆ خۆم وەكو پەرلەمانتار بەردەوام ئیشم لەسەر كردووە، نەك وەك لیژنەی رۆشنبیری".
ناوبراو وتیشی:" لەنزیكەوە ئاگاداری ئەو بڕیارە نیم، بەڵام بەراستی دەستخۆشی لە حكومەت دەكەم بۆ بریارێكی لەوجۆرە، چونكە هەندێ كاراكتەر هەیە ئاسایشی كۆمەڵایەتیان تێكداوە".
هاوكات هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە سێ ئەندامی دیكەیلیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمان، سەرەرای ئەوەی كە زانیاریان هەبوو، بەڵام ئەوەیان روونكردەوە كە نایانەوێت ناویان لەپاڵ كچە مۆدێلەكاندا لەهەواڵێكدا بڵاوببێتەوە.
