وەبەرهێنانی سلێمانی زانیاری نوێ لەبارەی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دەدات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات لەو 20 هەزار یەكەیەی بڕیارە دروست بكرێت هەشت هەزارو 600 یەكەی بەركەوتەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین دەبێت.
بەفەرمانی حكومەتی هەرێم بڕیارە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دروست بكرێت بۆ ئەوانەی كەمدەرامەتن یان خاوەنی هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبوون نین، بۆ ئەو مەبەستەش 119 هەزارو 919 كەس فۆڕمی بەشداری كردنیان پڕكردووەتەوە كە لەو ژمارەیە 105 هەزارو 578 یان خێزاندارن و 14 هەزارو 341 كەسیان سەڵتن.
عەزیز رەشید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ناوی ئەو وەبەرهێنەرانەمان ناردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە لەبواری یەكەی نیشتەجێبووندا كار دەكەن، حكومەتی هەرێم راستەوخۆ خۆی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی نیشتەجێبووندا دەكات".
ناوبراو باسی لەوەشكرد لەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوونە هەشت هەزارو 600 یەكەی بەركەوتەی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەبێت، وتیشی:" ئێمە داوامانكردووە كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن چاودێریو سەرپەرشتی كارەكانی بكات، بەڵام هێشتا هیچ رێنماییەك لەوبارەیەوە دەرنەچووە".
پێشتر وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی لەهەرێمی كوردستاندا دروست كردووەو بەشێكی زۆریان تەواو نەكراون، بەتایبەت ئەوانەی سنوری سلێمانی كە لەسیتەك و زرگوێز، عەزیز رەشید وتی:" سێ هەزار یەكەی تەواو نەكراو هەیە كە بڕیارە ئەوانەش دابەش بكرێت دوای تەواوكردنیان".
