باری نائاسایی لەرۆژئاڤای كوردستان راگەیاندرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند، بەهۆی مەترسی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا بۆسەر ناوچەكانیان و ئامادەكاری بۆ دۆخی لەناكاو، لە ئەمڕۆوە باری نائاسایی لەسەرجەم ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رادەگەیەنن.
ئەمڕۆ 6ی تەموزی 2022، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەنجومەنی گشتی ئیدارەی خۆسەر ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبونەوەی فراوان و نائاسایی ئەنجامدا و بڕیاری ژمارە 8ی دەركرد، كە تایبەتە بە راگەیاندنی باری نائاسایی لە تەواوی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كە ئەویش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانیان.
 هەروەها ئەوە خراوەتەروو كە هەموو فەرمانگەكان راسپێردراون كە پلانی باری نائاسایی ئامادە بكەن بەهۆی ئەوەی ناوچەكانیان مەترسی هێرشی سەربازییان لەسەرە، "هەموو هەوڵێكیش دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و كاری لەپێشینەمان دەبێتە ئامادەكاری بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەكان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەفتەی رابردو رایگەیاند، كە وڵاتەكەی لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانان دەكات تا بە درێژایی سنورەكەی "ناوچەیەكی ئارام" دروستبكات. 

هاوكات، جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە دەیانەوێت دیالۆگ ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات، وەڵامی توندیان دەدەینەوە
لە ساڵی 2016ـەوە تا ئێستا، توركیا سێ ئۆپراسیۆنی بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان ئەنجام داوە و عەفرین و گرێسپی و سەرێكانی داگیر كردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار