وەزیری كشتوكاڵی هەرێم: كێشەی ساغنەبونەوەی تەماتەو خەیار چارەسەركرا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:" بەهەماهەنگی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، كێشەی ساغنەبونەوەی بەرهەمی تەماتە و خەیار چارەسەركرا.
ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی تەموزی 2022، بێگەرد تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە "دوابەدوای پەیوەندیەكانمان لە ماوەی هەفتەی رابردو تا ئەمڕۆ لەگەڵ د.محەمەد كەریم خەفاجی وەزیری كشتوكاڵی عێراق بە مەبەستی چارەسەركردن و جەختكردنەوە لەسەر كێشەی داخستنی مەرزەكانی سنوری عێراق بەڕوی بەرهەمی هاوردە بەتایبەتی (تەماتە و خەیار)، لەپێناو پاڵپشتیكردنی راستەوخۆی جوتیارانمان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، بەسوپاسەوە ئەم كێشەیە چارەسەر كرا".
هەروەها راشیگەیاندوە، "وەزیری كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ وەڵامیان دایەوە و داواكاری و پێشنیاری ئێمەیان لەم بارەیەوە پەسەند كرد و بڕیادرا بە قەدەغەی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە و خەیار لە مەرزەكانی عێراقدا".
ئەمڕۆ یەكشەممە، بەشێك لەجوتیاران بەرهەمەكانیان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی فڕێدا وەك ناڕەزایەتیەك بەرامبەر بە بێ بازاڕی و ساغنەبونەوەیان ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو پەیوەندی بە وەزارەتی كشتوكاڵەوە كرا كە چارەسەری كێشەی جووتیاران بكات.
