رێباز حەملان: كابینەی نۆیەم هیچ قەرزێكی نەكردووە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی و ئابووری، رایگەیاند:" كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم قەرزی نەكردووەو بڕێكی زۆر قەرزمان داوەتەوە"، راشیگەیاند:" داهاتی ناوخۆ مانگانە بەتێكڕا 200 ملیۆن دۆلارە".
بەبۆنەی تێپەربوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، رێباز حەملان رایگەیاند:" لەو سێ ساڵەی كابینە درووست بووە، ساڵێكیان بە هۆی قەیرانی كۆرۆناوە، ئاستەنگی زۆری بۆ درووست بوو، جمووجووڵ پەكی كەوت و داهات ئاستی دابەزی. بەو هۆیەوە، حكومەت دوو ساڵ بە كردەوە توانیویەتی كارەكانی راپەڕێنێت بە باشی".
هەروەها راشیگەیاند:" مانگانە تەنیا بۆ مووچە پێویستمان بە 620 ملیۆن دۆلارە و 20 ملیۆن دۆلاریش لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین دەكرێت، واتە 640 ملیۆن دۆلار هەموو مانگێك دەدرێتە مووچەخۆران. لە شەش مانگی رابردوو پشتمان بە خۆمان بەست. چونكە حكومەتی عێراق لە 2022دا، سێ جار سلفەی ناردووە، ئەوەی لە مانگی یەك ناردوویەتی هی مانگی 12ی 2021 بوو، واتە ئەمساڵ تەنیا دووجار و 400 ملیار دیناری ناردووە.
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشكرد كە ساڵانە بە بڕی 3 ملیار دۆلار گازوایلیان دەكڕی بۆ وێستگەكانی كارەبا، بەڵام لەم كابینەیە لە كێڵگەی كۆرمۆر گازی سرووشتی بەرهەم دێت و كارەبای پێ دابین دەكرێت و ئەگەر لە بازاڕی جیهانی ئەو گازە بكڕن، ساڵانە بەهاكەی ملیارێك دۆلارە. وتیشی:"واتە داهاتمان زیاد كرد و خەرجییەكی گەورەمان كەمكردەوە".
لەبارەی داهاتی ناخۆییەوە ئاشكرای كرد كە مانگانە بە تێكڕا 200 ملیۆن دۆلاریان دەست دەكەوێت، كە داهاتی باج و گومرگ و رسوومات و فڕۆكەخانەكانە.
" ئێمە نەچووینە ژێر باری قەرزەوە، سەرەڕای ئەوەی قەرزمان نەكرد، توانیمان لە داهاتی نەوت یەك ملیار و 666 ملیۆن دۆلار قەرز بدەینەوە. واتە ئەو قەرزەی لە رابردوو باس دەكرا، بەشێكی زۆری كەمكراوەتەوە"، رێباز حەملان وای وت.
