سەدر بۆ نوێژی یەكگرتووی هەینی داهاتوو بڕیاریدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چەند بڕیارێكی ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ نوێژخوێنانی نوێژی یەكگرتووی رۆژی هەینی داهاتوو بڵاودەكرێتەوە كە ئەو پۆستەرانەی بڵاودەكرێنەوە یەكگرتوو بێت و تەنها ئاڵای عێراق بەرزبكرێتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانیش ترسی گەورەیان لێ نیشتووە.
ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە كە بەپێی بڕیارێكی موقتەدا سەدر، هەڵگرتنی چەك لەلایەن لایەنگرانیەوە قەدەغەیەو چەك تەنها لەدەستی هێزە ئەمنیەكاندا دەبێت بۆ پاراستنیان.
بڕیارە رۆژی 15 ئەم مانگە لە مەدینە سەدری بەغدا نوێژی یەكگرتوو لەیادی شەهیدانی ئال سەدر بەڕێوەبچێت و نوێژەكە لەگەڵ ئەوەی مەراسیمێكی ئاینیە یەكەم جوڵەی جەماوەری سەدرە لەدوای بڕیاری كشانەوەی پەرلەمانتارەكانی لە حكومەت و پێشبینی دەكرێت زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بەشداری تێدا بكەن.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بەتەواوی ترسیان لە جوڵەكانی سەدر هەیەو بەشێكیان پێیانوایە پێكهێنانی حكومەت بەبێ سەدر دۆخەكە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز دەبێت، یەكەم كاردانەوەی ئەو ترسەش لەلایەن هادی عامری سەرۆكی كوتلەی فەتح راگەیەندرا كە بەشداری حكومەتی داهاتوو ناكات.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان تورەو نیگەرانن لەهەڵوێستەكانی پارتی و یەكێتی كە تا ئێستا كاندیدی یەكگرتووی سەرۆك كۆماریان یەكلاینەكردووەتەوەو یەكێتی سورە لەسەر كاندید كردنەوەی بەرهەم ساڵح و پارتیش كاندیدەكەی رێبەر ئەحمەدە.
سەرەرای ئەوەی بڕیارە بافڵ تاڵەبانی پاش جەژنی قوربان سەردانی هەموو لایەنەكان بكات بەتایبەت كۆمەڵ و یەكگرتوو بە نهێنی گفتوگۆ لەگەڵ نەوەی نوێ كراوە تا دەنگ بەكاندیدەكەی یەكێتی بدەن لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام جارێ روون نییە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی ئەنجام دەدرێت لەسەر پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دەیانەوێت پێش جوڵەكانی سەدر بكەون بۆ پێكهێنانی حكومەت و بۆ ئەو مەبەستە باس لە سێ كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكرێت كە پێكهاتوون لە(نوری مالكی، محەمەد شیاع سودانی، حەیدەر عەبادی) و گلۆپی سەوزی ئێرانیان بۆ هەڵكراوەو تاران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر محەمەد شیاع سودانی تا سەدر ئەوەندەی دیكە تورە نەبێت بەكاندیدی نوری مالكی، بەڵام دەوڵەتی یاسا هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە تا مالكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران.