مەسرور بارزانی: داهاتی ناوخۆ سەدا سەد زیادی كردووە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لە كابینەی نۆیەمدا داهاتی ناوخۆ سەدا سەد زیادی كردووەو زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرزیان داوەتەوە، دەشڵێت:" بەرنامەمان ئەوەیە كە بەهێزكردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەكان و بەردەوامبن، نابێت هەرێمی كوردستان وەك هەڕەشە و پێگەیەكی هێرشكردن بۆ سەر هیچ وڵاتێك بەكاربهێنرێت".
دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
كوردستانییانی بەڕێز
ئەم كاتەتان باش
بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێویستم زانی ئەم وتەیەتان پێشكەش بكەم و باس لەوە بكەم كە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، چیمان كردووە و دەسكەوتەكانی ئەم كابینەیە چی بوون. هەروەها باس لە پلان و بەرنامەی داهاتوومان دەكەین .
لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بدەم كە هەر لە دوای دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیە، هەرێمی كوردستان و جیهان بەگشتی، ڕووبەڕووی قەیرانێكی تەندروستی بووەوە كە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو ، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێكەوتەوە كە تا ئێستاش دەرهاویشتەكانی هەر ماون. لە هەمانكاتدا بەداخەوە، حكومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێكی كەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانكراو بۆ تەواوكاری مووچە، كە 200 ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەكی و ناوخۆییش بۆ پەكخستنی حكومەتەكەتان درا. بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانی لە ڕێگەی پلان و بەرنامە و چاكسازییەكانیەوە، تاڕاددەیەكی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.
چیمان كرد:
لە بواری دارایی : توانیمان مووچە بە بەردەوامی بدەین ، ئەگەرچی هەندێك جاریش دواكەوتبێت یان چەند مانگێكی كەم، ڕێژەی مووچەكە سەد لە سەد نەبوو ، بەڵام مووچە دابەشكردن هەر بەردەوام بووە بە پێی بودجەی بەردەست.
لەم كابینەیەدا توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزكردن تێپەڕێنین. بۆیە نەك تەنیا هیچ قەرزێكمان نەكرد و بارگرانیی و بەرپرسیارییەتیمان بۆ نەوەكانی داهاتوو دروست نەكرد، بەڵكو قەرزەكانی حكومەتیشمان كەم كردەوە و لەم ماوەیەدا زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە.
لە ئەنجامی چاكسازی لە هەردوو بواری دارایی و كارگێڕی، داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەكی بەرچاو و تا ئاستی %100 زیادی كردووە.
لە ڕووی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان ، كارمان بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات كردووە :
زۆرترین خەرجی لە دوای ساڵی 2014 لە بواری جادەو ڕێگەوبان بووە.
هەروەها لەم كابینەیەدا بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ و وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵی، زۆر زیادی كردووە و بە كردەوە ، هەلی هەناردەكردنی بەرووبوومی كشتوكاڵی ناوخۆی كوردستانمان بۆ دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی رەخساندووە و دەستیپێكردووە .
هەروەها پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی لە بواری دابینكردنی ئاسایشی خۆراك ئەنجامدراون و هەندێكیان تەواو بوون و هەندێكیشیان ئێستا لە جیبەجێكردندان.
كار بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئاو و دروستكردنی بەنداو و پۆند كراوە.
لە كەرتی كارەباشدا، ژێرخانی كارەبا بە هێزتر كراوە تا ڕێگە لە بەفیڕۆدانی كارەبا بگیرێت. هەروەها چەندین مێگاواتی تر خراوەتە سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی.
لە بواری گواستنەوەی گشتی، هەنگاوی كردەیی نراون بۆ كاراكردنی گواستنەوەی گشتی و دروستكردنی هێلی ئاسنین.
لە بواری كارگێڕی و بەڕێوەبردندا: چاكسازی لە سیستەمی حكومڕانی و بەڕێوەبردن لە ئاستی هەموو وەزارەتەكان كراوە. لەم ڕووەوە، زۆرێك لە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت بەئەلیكترۆنی كراون و هەنگاوی كردەیی، بۆ دروستكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی نراون. داتا سەنتەرێكی ناوەندیمان بۆ حكومەت دامەزراندووە. هەروەها سیستەمێكی دیجیتاڵیمان بۆ ئامار و سەرژمێركردنی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.
كارمان كردووە بۆ كەمكردنەوەی بیرۆكراسی لە فەرمانگە و دام و دەزگاكانی حكومەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و وگواستنەوەی خزمەتگوزارییەكان لە ناوەندی پارێزگاكان بۆ ئاستی قەزاكان.
هەنگاومان ناوە بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و بنبڕكردنی و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات.
لەم كابینەیەدا، هەماهەنگییەكی تۆكمە و بەهێز لە ناو ئەندامانی كابینە و ئەنجومەنی وەزیران دا هەیە. زۆرترین كۆبوونەوەی حەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانیش كراوە بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت .
هەروەها پەیوەندییەكی باش لە نێوان حكومەت و پەرلەماندا هەیە و وەزیران و بەرپرسانی حكومەت، زۆرترین سەردانی پەرلەمان و لیژنەكانی پەرلەمانیان كردووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و خستنەڕووی ڕوونكردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمانتاران .
لە بواری گرنگیدان بە خوێندن وپەروەردە : جگە لە بەهەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست و نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی چەندین قوتابخانە وپەرەپێدان بە خوێندنی ئانلاین و فراوانكردنی پەیوەندیی ئەكادیمی و خوێندن لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دیكە، بۆ باشتركردنی كوالێتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش، )دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پرۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا)مان دامەزراندووە .
لە بواری هۆشیاری كۆمەڵایەتی:
زۆرترین زانیاری و ڕوونكردنەوەمان لە بارەی كار و چالاكی و پڕۆژەكانی حكومەت بڵاوكردووەتەوە . هەروەها كارمان كردووە بۆ فراوانكردنی مەودای ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و زەمینەسازكردن بۆ دروستبوونی ڕاگەیاندنێكی بەرپرسیار لە هەرێمی كوردستان.
بەردەوام بووین لە پەرەپێدانی كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.
هەوڵی بەردەواممان داوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و جیاوازی ڕەگەزی و بەهێزكردنی پێگەی ئافرەت.
گرنگیمان داوە بە بواری ژینگەپارێزی و بەكارهێنانی وزەی سەوز وژینگەدۆست.
*لە بواری بەرگری و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی : یەكەمجارە لەم كابینەیەدا، چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە چووەتە بواری كردەییەوە.
بەردەوام بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵكردنەوەی هەوڵی تیرۆریستی و دەستگیركردنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و گرنگیدان و پشتیوانیكردنی ڕۆڵی دادگاكان بۆ سزادانی سەرپێچیكاران.
سەردانی مەیدانیمان كردووە بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆ بەهێزگردنی هێڵەكانی بەرگری لە بەرامبەر تیرۆریستان .
هەر لەم ڕۆژانەش هەڵمەتی ڕاماڵینی چەكی بێ مۆڵەت دەستی پێكردووە .
لە بواری پەیوەندیی لە گەڵ حكومەتی فیدرالی : لە چوارچێوەی سیاسەتمان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و پارێزگاریكردن لە ماف و شایستە دەستوورییەكانمان، زیاترین هەوڵمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان داوە و بەردەوامیش شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆو گەیشتن بە چارەسەرێك لە سەر بنەمای دەستوور ، سەردانی بەغدای كردووە و لە هەوڵەكانمان بەردەوامین.
لە بواری دیپلۆماسی وپەیوەندیی نێودەوڵەتیدا : كارمان بۆ پەرەپێدان و بەهێزتركردنی ئەو پەیوەندییانە كردووە و لە سەردانەكانمان بۆ وڵاتانی هەرێمی و عەرەبی و ئەوروپایی و لە كۆڕ و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا، هەڵوێستی هەرێمی كوردستانمان ڕوونكردووەتەوە و پەیوەندییەكانمان پتەوتر كردووە.
پلان و بەرنامەكانمان بۆ ماوەی داهاتوو ئەمانەن ؟
بەردەوامیدان بە سیاسەتی هەمەجۆركردنی ئابووری وسەرچاوەكانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ .
زیادكردنی بەنداوەكان و بەردەوامیدان بە كاركردن لە سەر پاراستنی ئاسایشی ئاو.
دامەزراندنی سیستەمێكی ژینگەدۆست بۆ چارەسەركردنی كێشەی خاشاك و زبڵ لە شارەكانی هەرێمی كوردستان .
زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بەكارهێنانی وزەی خۆر وگازی بەفیڕۆدراو و ئەو سەرچاوانەی كە نرخی بەرهەمێنانی كارەبا كەم دەكاتەوە.
بەردەوامبوون لە سەر پاڵپشتیكردنی گەنجانی كوردستان بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی بچووك بە مەبەستی دروستكردنی هەلی كاری زیاتر.
بەكارخستنی سیستەمێكی پێشكەوتووی بانكی، بۆ بەهێزكردنی ئاڵۆگۆڕكردنی بازرگانی و جووڵەی بازاڕەكان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانكییەكان.
فراوانكردنی خزمەتگوزاری ناو شارەكان و زیادكردنی ڕووبەڕووی سەوزایی و تایبەتمەندییە ژینگەییەكان لە شارەكان.
پەرەپێدان و زیاتركردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتەكان.
باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان لە گوندەكان و شارۆچكەكان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەوێ ڕوو لە شارە گەورەكان نەكەن.
بەهێزكردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەكان و بەردەوامبوون لە سەر ئەوەی نابێت هەرێمی كوردستان وەك هەڕەشە و پێگەیەكی هێرشكردن بۆ سەر هیچ وڵاتێك بەكاربهێنرێت.
ئەمانە ئاماژەدانێكی خێرا و كورتەیەكی چەند تەوەرێكی گرنگی دەسكەوتەكان بوون، كە وەزیرە بەڕێزەكان، وردەكاری زیاتری لەمبارەیەوە دەخەنەڕوو.
كوردستانییانی خۆشەویست:
ئێوەی هاووڵاتییانی كوردستان، سەنتەری گرنگیپێدانی ئەم كابینەیەن و دڵنیابن هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، خزمەتتان بكەین و لە ئاست خواست و داخوازییەكانی ئێوەدا بین.
