قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت لە كوردستانێكدا بژین كە شانازی پێوە بكەین

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەستمان بردووە بۆ چەند مەلەفێك و دەمانەوێت لە كوردستانێكدا بژین كە شانازی پێوە بكەین".
هەروەها راشیگەیاند:" ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاری تاك و تایبەت هەیە لە نێوان حكومەت و هاوڵاتیاندا". 

دەقی وتارەكەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:  

  

ئەساسی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، خزمەت كردن و چاكسازییە. لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەكەم، دەستمان بردووە بۆ چەند مەلەفێك كە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیێنێت. ھەم بەردەوام بووین لە جێبەجێ كردنی پرۆگرامی بایۆمەتری كە لەم كابینەیەدا بە خۆشحاڵیەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەست پێكرد. قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بریتییە لە رێكخستنەوەی میلاكاتی ھەموو حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ ھەر مووچەخۆرێكی ھەرێمی كوردستان ژمارەی كەسی بێھاوتامان پێشكەش كرد. ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێك بۆ حكومەتێكی ئەلیكترۆنی، كە سبەینێ ھەر مووچە خۆرێك بتوانێت لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاری پێ بگات. ئێمە كە بەرەو حكومەتێكی دیجیتاڵی دەڕۆین ئەو خزمەتگوزارییانە كە پێشكەشی ھاووڵاتییانی دەكەین باشتر و خێراتر و شەفاف تر دەبن. لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت كە بەرنامەیەكی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، لەم كابینەیەدا پەرەی پێدرا. بەرنامەی خزمەت پێكھاتووە لە پێداچوونەوە بەھەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە حكومەت پێشكەشی دەكات بە ھاووڵاتیان، كە تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاری تاك و تایبەت ھەیە لە نێوان حكومەت و ھاووڵاتیی دا. داوامان لە ھەموو وەزارەتەكان كردووە، پێداچوونەوە بە ھەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بكەن، تاكو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بگەیەنێرێت بە ھاووڵاتیان. ئەم خزمەتگوزارییانە ھەموو كۆكراونەتەوە، ھەموو یەكسان كراون، تاكو خزمەتێك لە دھۆك بە ھەمان شێوەی سلێمانی پێشكەش بكرێت، كە كۆكراونەتەوە راگەیێنراون لە پۆرتاڵی خزمەت، كە ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی راگەیێنراون و لە ئینتەرنێت دا ھەیە لە ژێر ناونیشانی خۆی. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێكێك بۆ حكومەتێكی ئەلیكترۆنی و گەیاندنی ھەندێك خزمەتگوزاری لە رێگەی ئەلیكترۆنییەوە رۆتین كەم دەكاتەوە و شەفافیەت زیاد دەكات.   

ھەر لە چوارچێوەی پرۆگرامی خزمەت پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەریمان كردووە بە شێوازی تۆماری كۆمپانیا لە ھەرێمی كوردستان. پێشتر پرۆسەیەكی زۆر ئاڵۆز و دەستی ھەبووە كە ئێستا بە دیجیتاڵ كردنی ئەم پرۆسەیە توانیومانە تۆماری كۆمپانیا ببێتە پرۆسەیەك كە بە خێرایی بگەیێندرێت، ئەمەش نەك تەنیا رۆتین كەم دەكاتەوە بەس ھەنگاوێكی گرنگە بۆ بەھێز كردنی ئابووری ھەرێمی كوردستان. بۆیە ئەمانە بەشێكن لەوچاكسازییانە، بەس كۆتایی نایەت بەو چاكسازییانە. چاكسازی تریشمان ئەنجام داوە، بەھاوكاری چەند وەزارەتێكی دیكە كە ھەم چاكسازین ھەم خزمەتێكی باشتر دەگەیێنن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.   

ھەموومان دەزانین كە نا ھاوسەنگییەك ھەیە لە نێوان ئەو ئیمتیازانەی كە لە كەرتی حكومەتی ھەیە و لەگەڵ ئەو ئیمتیازانەی كە لە كەرتی تایبەت ھەیە، بۆیە بە پەسەند كردنی یاسای كار ئێمە بەشێك لەو ناھاوسەنگییەمان رێكخستووەتەوە، ئەمڕۆ لە ژێر چەتری یاسای كاری نوێی ھەرێمی كوردستان، ئیمتیازێكی زیاتر دەدرێت بەو كارمەندانەی كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن و لە ھەمان كاتیشدا مافێكی بەھێزتریان ھەیە، مافیان پارێزراوە. لە پاڵ یاسای كار، ئیشمان كردووە بۆ پەسەندكردنی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی، ئەمەش لە ھەمان كاتدا پاراستنێكی دەبێت بۆ ئەو كارمەندانەی كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن، وە لە ھەمان كاتدا ئەو كەسانەی كە لە خوارووی رێژەی ھەژارین.  

 بە داخەوە لە ھەرێمی كوردستان بینیومانە كە رێژەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادیان كردوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی ئەو دیاردەیە حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگییەكی زیاتری داوە بە ئالییەتەكانی رووبەڕووبوونەوەی دژی ژنان و خێزان.   

ھەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پەسەند كردووە. گرنگییەكی زیاترمان داوە و ھێزێكی زتاترمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان، بە پشتیوانی ھێزە ئەمنییەكانمان دادگاكانمان رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژی خێزان. ئێمە راستە حكومەتێكی تۆكمەمان پێویستە، حكومەتێكمان پێویستە كە رێنماییەكانی ئاسان بن و جێبەجێ بكرێن و كارا بین و كاریگەر بین، بەڵام ئێمە ھەموومان دەمانەوێت لە كوردستانێك دا بژین كە شانازی پێوە بكەین، بۆیە پاراستنی یەكسانی نێوان ژنان و پیاوان لە ھەرێمی كوردستان، یەكێكە لە ئەولەویەتەكان و ھەموومان كاری لە پێناودا دەكەین. بۆیە دوای سێ ساڵ كاركردن لە كابینەی نۆیەم دەتوانم بڵێم كە ئەنجامی باشمان داوە، لە پێناو خزمەتكردن و لە پێناو چاكسازی، بەڵام زۆر كاریش ماوە كە بكرێت، بۆیە ئێمە لەو ساڵەی كە ماومانە ھەموو ھەولێكی خۆمان سەرف دەكەین بۆ تەواوكردنی ئەو چاكسازییانە و دەستپێكردنی چاكسازی دیكە، كە بتوانین پێكەوە باشتر خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین و حكومەتەكەمان كاراتر و باشتر بكەین.  

  

  
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار