نیاز عەبدوڵا بەهۆی كارە رۆژنامەوانییەكانییەوە خەڵات دەكرێت
![](/kcfinder/2020/images/2021/11/nnnnnn.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنوسی بەتوانای هەرێمی كوردستان كە ماوەی 19 ساڵ كاری رۆژنامەوانی كردووە لەلایەن لیژنەی بەرگریكردن لە رۆژنامەنوسان(CPJ) لە ئەمریكا خەڵات دەكرێت.
نیاز عەبدوڵا رایگەیاند كە" بە شانازییەوە پێتان رادەگەیەنم، بەهۆی كارە رۆژنامەوانییەكانم و بەرگریكردن لە بەهاكانی ئازادی رۆژنامەوانی لە ماوەی ١٩ ساڵی رابردوودا؛ بۆ ئەم ساڵ ٢٠٢٢ "خەڵاتی نێودەوڵەتی ئازادی رۆژنامەوانی"یم پێدەبخشرێت لەلایەن لیژنەی بەرگریكردن لە رۆژنامەنووسان (CPJ) لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا".
هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە" لێرەوە سوپاسی CPJ دەكەم، كە بەدرێژایی چەندین ساڵ لە هەرێمی كوردستان بەرگری لە ئازادی رۆژنامەوانی و پارێزراوی رۆژنامەنووسان كردووە، دەیان راپۆرتی گرنگی پڕ لە بەڵگەی نووسیوە و بڵاوكردۆتەوە؛ خەڵاتكردنی ئێمەش بەشێكە لە بەرگریكردن لە بەهاكانی ئازادی رۆژنامەوانی و رێزگرتن لەو رۆژنامەنووسانەی سەرەڕای بەربەستە سەختەكانی بەردەم كاری رۆژنامەوانییان بەڵام كۆڵیان نەداوە و بەردەوامبوون.
بڕیارە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتی نێودەوڵەتی ئازادی رۆژنامەوانی لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٢ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەبچێت.
"سەری رێز دائەنەوێم بۆ رۆژنامەنووسانی شەهید سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، ویداد حوسێن، عەبدولتاهیر شەریف و، تەواوی زیندانیانی بادینان كە رۆژانێكی سەخت بەڕێدەكەن لە ناو زیندانەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستانی عێراق"، نیاز عەبدوڵا وا دەڵێت.
نیاز عەبدوڵا یەكێك بووە لەو رۆژنامەنوسانەی بەرگری تەواوی لە میدیاكارانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەو رۆژنامەنوسانەی لەبادینان دەستگیر كران داكۆكی لێ دەكرن و رەخنەی توندی لە دەسەڵات دەگرت.
نیاز عەبدوڵا لەساڵی 2004 لەرۆژنامەی هاوڵاتی بۆ ماوەیەكی زۆر كاری رۆژنامەنوسی كردووە و یەكێكە لەو رۆژنامەوانانەی میدیای هاوڵاتی شانازی بەكارەكانییەوە دەكات، بەناوی ستافی هاوڵاتی پیرۆزبایی لێ دەكەین.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-09_21-24-43.jpg)