جۆبایدن پەیامێكی توند ئاراستەی رووسیاو چین دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سعودیە رایگەیاند:" رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووسیا یان چین جێناهێڵین.
15ی تەموزی 2022، جۆبادین سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە سعودیەو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆبویەوە.
بایدن راشیگەیاند دەیانەوێت ئاگربەست لە یەمەن بەردەوام بێت، لەبارەی عێراقیشەوە روونیكردەوە، "ئێستا گەییشتووینەتە رێككەوتن، بۆ ئەوەی تۆڕەكانی كارەبای عێراق لەڕێگەی كوێت و سعودیەوە بە تۆڕەكانی وڵاتانی كەنداوەوە ببەستینەوە و عێراق باشتر ئاوێتەی ناوچەكە بكەین و پشتبەستنی ئەو وڵاتە بە ئێران كەمبكەینەوە".
دەقی وتەكانی جۆ بایدن لە سعودیە:
زنجیرەیەك كۆبوونەوەی باشم هەبوو، زیاتر لە دوو كاتژێر لەگەڵ سەركردایەتیی سعودیە لێرە لە جیدە لەگەڵ شای وڵات بۆ ماوەی زیاتر لە نیو كاتژێر كۆبوومەوە. لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە و تەواوی وەزیرەكان كۆبوومەوە، سوپاس بۆ چەندین مانگ لە دیپلۆماسییەتی لەسەرخۆ لە لایەن ستافەكەوە، ئەمڕۆ توانیمان هەندێك كاری زۆر باش بەدەستبهێنین.
یەكەم، هەروەك ئەوەی كە ئەم بەیانییە بینیتان، سعودیەكان ئاسمانییان بە رووی هەموو فڕۆكە سڤیلییەكان دەكەنەوە و ئەوەش رێككەوتنێكی گەورەیە. ئەوە واتای ئەوەیە كە ئاسمانی سعودیە ئێستا كراوەیە بۆ ئەو فڕۆكانەی دەچن بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەوانەی لەوێوە دێن. ئەمە یەكەمین هەنگاوی بەرجەستەیە لەو رێرەوەی كە ئومێدەوارم ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەیەكی بەرفراوانتری پەیوەندییەكان."
دووەم: رێككەوتنێكی مێژووییمان كۆتایی پێهێنا بۆ گۆڕینی پێگەی ناوچەیەكی هەستیار و پڕ لە گرژی، ئەوەش لە گەرمەی شەڕەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ناوچەیەك كە ئارامی و ئاسایشی تێدا بێت. ئاشتیپارێزانی نێودەوڵەتی، لەوانەش سەربازە ئەمریكییەكان دوورگەی تیران لە دەریای سوور جێدەهێڵن كە زیاتر لە 40 ساڵە و لە رێككەوتنی كامپ دەیڤدەوە لەوێن. پێنج سەربازی ئەمریكی لەو دوورگە ستراتیژییە لە ساڵی 2020 مردن و ئەمڕۆش گرنگە كە ئەوانمان لەیاد بێت. سوپاس بۆ ئەم كرانەوەیە، ئەو دوورگەیە بۆ گەشتیاری و بوژاندنەوەی ئابووری دەكرێتەوە.
سێیەم: رێككەوتین كە پێكەوە كاربكەین و ئاگربەستی یەمەن درێژبكەینەوە. هەروەك دەزانن، ماوەی سێ مانگە قۆناخێكی ئارامی لە یەمەندا هەیە كە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا ئارامترین بووە. رێككەوتین بۆئەوەی سوود لە دیپلۆماسی وەربگرین بۆ دەستكەوتنی چارەسەرێكی بەرفراوانتر لە یەمەن. سەركردایەتیی سعودیەش پابەندە بەوەی بەردەوام بن بۆ كارئاسانیكردن بۆئەوەی خواردن و پێداویستی مرۆیی بگاتە دەستی خەڵكی سڤیل. لەم چوارچێوەیەدا باسمان لە پێداویستییە ئەمنییەكانی سعودیە كرد بۆ پارێزگاریكردن لە شانشینەكە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە راستەقینەكانی ئێران و هێزە نزیكیەكانی
چوارەم: هەندێك ئامادەكارییمان تەواو كرد بۆ بەهێزكردنی پێگەی وڵاتەكانمان لە دەیەی داهاتوودا. سعودیە وەبەرهێنان دەكات لەو تەكنەلۆژیایەی ئەمریكا رۆڵی پێشەنگی تێدا دەگێڕێت و تۆڕی فایڤ جی و سیكس جی پەرە پێدەدات و بەدەستدەهێنێت. دواجار، باسمان لە مافەكانی مرۆڤ و پێویستیی ئەنجامدانی چاكسازیی سیاسی كرد.