حكومەت بڕیارێكی گرنگ دەردەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی خزمەتی گرێبەستی ئەو مامۆستایانەی بە گرێبەست بوون و دواتر دامەزراون بۆیان هەژمار دەكرێت

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە ناوەڕۆكی نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرادەكات لەبارەی ئەژماركردنی ماوەی خزمەتی گرێبەستی ئەو مامۆستایانەی پێشتر گرێبەستبوون‌و دواتر دامەزراون.

مەریوان بەگۆ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم راگەیاند:، "نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانمان بۆ هاتووە، بۆ ئەژماركردنی ماوەی خزمەتی گرێبەستی ئەو مامۆستایانەی، كە پێشتر گرێبەست بوون‌و دواتر دامەزراون".

" سەرجەم پەروەردەكانیان ئاگاداركردۆتەوە كە كار بەناوەڕۆكی نوسراوەكەی حكومەت بكەن، هەموو پەروەردەكانیش دەبێت ماوەی خزمەتی گرێبەستی مامۆستایانی گرێبەست ڕەوانە بكەن‌و پاشان ئەوانیش لەوەزارەت ڕێكارەكان تەواو دەكەن"، مەریوان بەگۆ وای وت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2020 زیاتر لەپێنج هەزار مامۆستای لەگرێبەستەوە كردە میلاك (هەمیشەیی).

هاوكات، حازم گۆران بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێم وتویەتی:"بەپێی ڕێنماییەكان ئێمە لێبڕینی خانەشینی بۆ ئەژماری خزمەتی فەرمانبەرو مامۆستای گرێبەست وەردەگرین، هەركات پەروەردە نووسراو بنێرێت، ئێمەش مامەڵەكانیان بۆ ڕایی دەكەین".

ئەوەشی ئاشكراكرد كە"ئەو مامۆستا گرێبەستانەی فەرمانی دامەزراندنیان دەرچووە، خزمەتەكانیان بۆ خانەنشینی‌و سەرمووچەو پلەبەرزكردنەوە ئەژماردەكرێت، هەر تەنها بۆ خانەنشینی نییە، كاتێك خزمەتەكە ئەژماردەكرێت، ناونیشانیان بەرزتر دەبێتەوەو موچەشیان زیاد دەبێت وەكو خزمەتی فیعلی، واتە ئەو ماوەیەی گرێبەستبوونە بەخزمەت بۆیان ئەژماردەكرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار