عەلی حەمەساڵح: قاچاخچێتی رێكخراو لە كابینەی نۆیەمدا دەستی پێكرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت:"وەزیرەكانی حكومەت لە باسكردنی سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەت تەنها باسیان لە دەستكەوتەكان كرد، بێ ئەوەی باس لەو كێشەو گرفتانە بكەن كە لەم وڵاتەدا دروستبون".
" كە لەم كابینەیەدا پرۆسەی قاچاخچێتی رێكخراو بەشێوەیەكی مەترسیدار دەستیپێكردوە ...... شتێك نیە بەناوی خەزێنەی وەزارەتی دارایی، ئەوەی كە هەیە داهاتی سلێمانی و هەولێرە، هەموو پرۆژەكانی سلێمانی وەستاون و لە هەولێر بەردەوامن، كە ئەمە گرفتێكی گەورەیە"، عەلی حەمە ساڵح وای وت.
عەلی حەمەساڵح،پەرلەمانتاری كوردستان، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە،" لەماوەی چەند رۆژی رابردودا وەزیرەكانی حكومەت لە باسكردنی سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەت تەنها باسیان لە دەستكەوتەكان كرد، بێ ئەوەی باس لەو كێشەو گرفتانە بكەن كە لەم وڵاتەدا دروستبون".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد،" بۆ یەكەمجار لەم كابینەیەدا پرۆسەی قاچاخچێتی رێكخراو بەشێوەیەكی مەترسیدار دەستیپێكرد، یاسای بودجەمان نەبوە، ئەو پارانەی خەرجكراوە، نازانرێت چۆن خەرجكراوە، دو كابینەیی بە شێوەیەكی زۆر زەق دەردەكەوت، لەبەشێكی موچە هەیە لە بەشێكی نییە، لەبەشێكی پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێكراوە، لە بەشێكی جێبەجێنەكراوە، لەهەندێك شار دەرمان دابینكراوە لەبەشەكەی دیكەی دەرمان و پێداویستی پزیشكی نییە".
عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشكرد،" وەك چۆن لە كابینەكانی دیكەدا زەوی بەهای هەبو، لەم كابینەیەشدا 550 ملیۆن دۆلار خەرجكراوە، تەنها نرخی پارچە زەویەكەی بەرامبەر فڕۆكەخانە ملیارێك و 616 ملیۆن دۆلاربو، كە ئێستا ڤێلای تێدادروستكراوە، دەدرێت بە دو بۆ چوار ملیۆن دۆلار، نرخی ئەو زەویانەی فرۆشراوە و دراوە بە چەند كەسێكی دیاریكراو، چەندین قات زیاترە لەو پارانەی بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری خەرجكراوە".
بە وتەی عەلی حەمەساڵح،"نزیكەی 44%ی پارەی نەوت گەڕاوەتەوە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەمە شتێكی گەورەیە، دەستنەخراوەتە سەر گرفتە گەورە ستراتیژییەكان، جگە لەوەی تائێستا هێزی سەربازی حیزبی هەیە، دادگاكانیش لە هەردو زۆنەكەدا لە ژێر هەژمونی هەردوو حیزبدان".
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد،" شتێك نیە بەناوی خەزێنەی وەزارەتی دارایی، ئەوەی كە هەیە داهاتی سلێمانی و هەولێرە، هەموو پرۆژەكانی سلێمانی وەستاون و لە هەولێر بەردەوامن، كە ئەمە گرفتێكی گەورەیە".