پەرلەمانتارێك: كۆمپانیا زەبەلاحەكان باج نادەنە حكومەتی هەرێم

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ ئاشكرای دەكات كە %80ی داهاتی باج لە پیشەوەران و كاسبكاران وەردەگیرێت و كۆپانیا زەبەلاحەمان باج نادەن، دەشڵێت: كۆمپانیای كار و رۆزنەفت ساڵی ڕابردوو لە گواستنەوەی نەوتدا 840 ملیۆن دیناریان وەرگرتووەو یەك دینار باجیان نەداوەتە حكومەتی هەرێم".

ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تەموزی 2022ن عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلیژنەی دارایی لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند:" چەند باجێكی نایاسایی زیادكراوە و دانراوە و هیچ پاڵپشتێكی یاساییان نییە، باج نەبووە بە ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، خەڵك دەپرسێت بۆ باج بدەم كە ڕێگاوبانم بۆ دروست نەكرێت و كارەبا و ئاوم نەبێت، باج تەنها داهاتی حكومەتی زیاد كردووە و هیچ لە ژیانی هاوڵاتیان نەگۆڕیووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە باج دەبێت زۆرینەكەی لە دەوڵەمەند و كۆمپانیا زەبەلاحەكان وەربگیرێت، بەڵام بەپێی داتاكانی حكومەت لەكۆی 796 ملیار دینار تەنها 182 ملیاری لە گەورە باجدەران وەرگیراوە و زیاتر لە %80ی داهاتی باج لە كۆمپانیا مامناوەندەكان و خاوەنپیشەكان و كاسبكارەكان وەرگیراوە" كە دەبوو ئەمانە حكومەت پشتگیرییان بكات".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا كاسبكارەكان بەهۆی زیادكردنی باج و ڕسوماتەوە وەك شاگردێك ئیش دەكەن و تەنها پارەی شاگردێكیان بۆ دەمێنێتەوە، لەكاتێكدا هەموو كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە باج بەخشراون كە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار قازانج دەكەن.

"كۆمپانیای كار كە ڕۆژانە 170 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەی خورمەڵە بەرهەمدەهێنێت یەك دینار باج نادات، كۆمپانیای كار و ڕۆسنەفت لە كرێی گواستنەوەی نەوتدا ساڵی رابردوو 840 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە و یەك دینار باجیان نەداوەتە حكومەتی هەرێم"، عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری وای وت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار