نێچیرڤان بارزانی: پێشەوا قازی مەردانە چووە بەر پەتی سێدارە و گیانی خۆی بەخشی

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" كە عەلی قازی هەمیشە لە خەمی یەكڕیزی و تەبایی و یەكێتیی گەلەكەیدا بووە"

ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تەموزی 2022، تەرمی عەلی قازی، كوڕی پێشەوا قازی محەممەد گەڕێندرایەوە بۆ هەولێر و لە فڕۆكەخانە بە رێوڕەسمێكی تایبەت پێشوازیی لە تەرمەكە كرا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان. 
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێورەسمەكەدا وتارێكی پێشكێش كرد و وتی، "عەلی قازی هەمیشە لە خەمی یەكڕیزی و تەبایی و یەكێتیی گەلەكەیدا بووە."
 
لەبارەی پێشەوا قازی محەممەدیشەوە، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە كرد، "پێشەوا قازی لە قۆناخێكی یەكجار دژواردا رابەرایەتی میلەتەكەی كرد، دواجاریش مەردانە چووە بەر پەتی سێدارە و لەوپێناوەدا گیانی خۆی بەخشی." 
 
عەلی قازی، تاقانە كوڕی پێشەوا قازی محەممەدە، رۆژی یەكشەممە 10-07-2022 لە نەخۆشخانەیەك لە ئەڵمانیا بەهۆی وەستانی دڵیەوە كۆچی دواییكرد.
 
وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان: 
 
ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش
 
ئەمڕۆ هەموومان پێكەوە لەم رێوڕەسمە ماتەمینەدا بەشدارین، تاكو بە رێز و شكۆوە پێشوازیی لە تەرمی خوالێخۆشبوو عەلی قازی، كوڕی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بكەین. 
 
خوالێخۆشبوو عەلی قازی (كوڕی رەش)، لەبەر مێژوو و پێگەی بنەماڵەكەی، لەبەرئەوەی یادگاری پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بوو، بە درێژایی تەمەنی خۆی، ناچاربوو بەرگەی زۆر سەختی، زەحمەتی، دوورە وڵاتی، پەنابەری و ئازارەكانی بگرێت. هەمیشە لە خەمی یەكڕیزی و تەبایی و یەكێتیی گەلەكەیدا بوو، تاوەكو دوایین هەناسەش كە لەسەرە مەرگدا بوو، وەك لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن بینیمان زۆر بە دڵسۆزی و پەرۆشەوە داوای یەكڕیزی و تەبایی گەلەكەی دەكرد. هەرگیز لە خەمی گەل و وڵاتەكەی دوورنەدەكەوت. لەكوێ دەرفەتی هەبووایە، لەدوای تەبایی و یەكڕیزی گەلەكەی بوو، ئەمەشی لە پێشەوا قازی باوكییەوە بۆ مابووەوە. دوایین وەسیەتی پێشەوای نەمریش، ئەوەبوو كە یەكڕیزی، تەبایی و یەكگرتوویی گەلەكەی داوا دەكرد. 
 
ئامادەبووانی بەڕێز. ئەمڕۆ كە هەموومان پێكەوە لێرەین، بۆ ئەوەیە كە رێز لە پێگە و خەبات و تێكۆشانی پێشەوا قازی و بنەماڵە بەڕێزەكەیان و قوربانیدانیان لەپێناو گەل و وڵاتەكەیاندا بەرز بنرخێنین. 
 
پێشەوا لەپێناو ژیانێكی شایستە و باشتر بۆ گەلەكەی، لەپێناو كۆتاییهێنان بە نكۆڵیكردن و چەوساندنەوە، لە قۆناخێكی ئێجگار دژواردا رابەرایەتی میللەتەكەی كرد. دواجاریش مەردانە چووە بەر پەتی سێدارە و لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخشی. پێشەوا بەو قوربانیدانەی، بووە سیمبوولی زیندووی خۆبەختكردن لە مێژووی گەلی كوردستان و بووە بەشێك لە یادەوەریی هەمیشە زیندووی نەوەی دوای خۆی. 
 
ئێمە كاتێك لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە كوڕ و یادگاری ئەو سەركردە نەمرە وەستاوین، مێژووی پڕ شانازی كۆماری كوردستان و بەها بەرزەكانی هاوبەشی نەتەوەیی و بەهاناوەچوونی بارزانییەكان و تێكۆشەرەكانی دیكە بۆ داكۆكیكردن لە كۆمار و داستانی پەڕینەوە لە چەمی ئاراس دێنینەوە یاد. 
 
لەكاتێكدا بەڕێز و شكۆوە، لە خەباتی قازی محەممەد و بارزانی نەمر و هاوسەنگەرەكانیان دەڕوانین، هەموو ئەو سەركردە و تێكۆشەرانەمان دێتەوە یاد كە بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ بەهەر رێگەیەك و بەهەر شێوەیەك بۆیان كرابێت، خەباتیانكردووە بۆ وەدەستهێنانی مافی گەلەكەیان. بوونە قوتابخانە و رێنیشاندەر و هەوێنی درێژەپێدانی تێكۆشانی نەوەی دوای خۆیان. مێژووی گەلی كوردستان، مێژووی هەوڵ و تێكۆشانی میللەتێكە، كە ویستوویەتی و دەیەوێ دوور لە غەدر و پێشێلكردنی ماف، لە سایەی دانپێدانان بە مافە رەواكانیدا ئاشتی و برایەتی پێكەوە لەگەڵ میللەت و گەلانی برا و هاونیشتمان و هاوچارەنووسیدا بژی.
 
گەلێك كە هەمیشە ویستوویەتی كێشەیەكی سیاسیی بە ئاشتی و دوور لە شەڕ و كاولكاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. گەلێك، ویستوویەتی و دەیەوێ، وەك گەلێكی گەورەی ناوچەكە پێگەی زەوتكراوی خۆی وەربگرێتەوە و مافەكانی بسەلمێندرێ، تاوەكو بتوانێت ببێتە فاكتەر و هاوبەشێكی بەهێزی ئاشتەوایی و سەقامگیری و پێشكەوتن كە خزمەت بە كۆی گەلانی ناوچەكە بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار