پوتن و ئەردۆغان لەتارانن؛ ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ رۆژئاڤاى كوردستان تاوتوێ دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەریەك لە ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا و ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەسەردانێكی فەرمی شەوی رابردو گەیشتنە تاران و بڕیارە بەشداری لەكۆبونەوەی لوتكەی سێ قۆڵی روسیا، ئێران و توركیا بكەن و ئۆپەراسیۆنی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان تاوتوێ دەكرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی میهر ئابادی نێودەوڵەتیەوە گەیشتە تارانی پایتەخت و لەلایەن جەواد ئۆجی وەزیری نەوت و ڕەزا ناگیپور بەڕێوەبەری گشتیی پرۆتۆكۆڵەكان لە نوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران، محەممەد فرازمان باڵوێزی ئێران لە ئەنقەرە، دێریا ئورس باڵوێزی توركیا لە تاران پێشوازی لێكرا.
لەو سەردانەدا هەریەك لە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە، خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ، نورەدین نەباتی وەزیری خەزێنە و دارایی، فاتح دۆنماز وەزیری سامانە سروشتییەكان، محەمەد موش وەزیری بازرگانی، مستەفا ورانك وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆجیا، فەخرەدین ئاڵتون بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی سەرۆك كۆمار یاوەری رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەوڵدەدەن قەیران و نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا لە سووریا لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكەن. ئەمەش لە كاتێكدایە توركیا سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێك بۆسەر چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئیرنا، زمانحاڵی حكومەتی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی باڵای هاوكارییەكانی ئێران و توركیا كۆدەبنەوە و پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات تاوتوێ دەكەن و رێكارەكان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیان هەڵدەسەنگێنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ناسراو بە ئاستانە، سەردانی ئێرانی كردووە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆككۆمارەكانی رووسیا و ئێران كۆدەبێتەوە.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەی ئاستانە بۆ كەمكردنەوەی ململانێ و كێشە و جێگیركردنی ئارامییە لە سووریا."
سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند: "لایەنی توركی باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تا قوڵایی 30 كیلۆمەتری خاكی سووریا دەكات، ئێمە هەوڵدەدەین لەڕێی سیاسییەوە ئەم قەیرانە و نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا بڕەوێنینەوە."
بە گوتەی ئەمیر عەبدوڵاهیان، ئامانجی كۆبوونەوەی ئەمجارەی ئاستانە لە تاران، گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەكانە بۆ زێدی خۆیان، هەروەها هەوڵی جێگیربوونی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایش لە سووریا دەدەن.