لەزانكۆیەكی ئێران كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەورامان ئەنجامدرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە دوو رۆژی ڕابردوودا و بە بەشداری دەیان توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ئیران و سەدان توێژەر و ئەكادیمیست و مامۆستایانی زانكۆ لە زانكۆی رازی كرماشان لە كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ یەكەمین جار كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەورامان بەڕێوەچوو.
كۆنفرانسەكە بە دروشمی (كەلەپووری جیهانیی هەورامان و گەشەپێدانی بەردەوام- گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان لە لایەن رێكخراوی یۆنسكۆوە) ئەنجامدراو لە رۆژی یەكەمی كۆنفرانسەكەدا و لە مەراسیمی كردنەوەیدا وەزیری رۆشنبیری ئێران و پارێزگاری كرماشان و نوێنەری هەورامان لە پەرلەمانی ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكەی ئێران وتەیان پێشكەش كرد و جەختیان لەسەر گرنگی بایەخدانی فراوانتری حكومەت بە هەورامان كردەوە.
هاوكات عەباس غەزالی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە ناوی چڤاكی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستانەوە وتارێكی پێشكەش كرد و جەختی لەسەر گرنگیپێدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەورامان كردەوە رایگەیاند: «پێویستە هەوڵی فراونكردنی كاری هاوبەشی نێوان رۆشنبیران و توێژەران بدرێت بۆ ئەوە باشتر بەسەر ئاڵەنگارییە كلتورییەكاندا سەركەوتوو بین.»
لە پانێڵێ یەكەمی كۆنفرانسەكەشدا هەریەك لە (د. حەسەن دانایی فەڕ) باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق، (د. موئمین زەڵمی) مامۆستای زانكۆ و رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و (د. محەمەدرەزا مەجیدی) نوێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە یۆنسكۆ وتاریان پێشكەش كرد.
لای خۆیەوە د. موئمین زەڵمی مامۆستای زانكۆ رایگەیاند:" هەورامان دەتوانێت لە چەند گۆشە نیگای جیاوازەوە ببێتە ئەڵقەی بەهێزكردنی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران.
"گرنگە بەرپرسانی هەورامیی لە هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی نزیكتریان هەبێت لە پێناو باشتركردنی پەیوەندی دوو حكومەت، هەروەك سود لە لایەنی گەشتیاری هەورامان وربگیردرێت (گەشتیاری دیپلۆماسی) بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و پێگەی هەورامان و دۆخی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئەوەی كە لە ناوچەی هەورامان كەمترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە دەكرێت ببێتە ئولگوویەكی سەركەوتوو بۆ باشتركردنی دۆخی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا"، موئمین زەڵمی وای وت.
لە رۆژی دووەمی كۆنفرانسەكەشدا ژمارەیەك توێژەری زانكۆكانی ئێران و سلێمانی و هەولێر توێژینەوەكانیان لەسەر تەوەرە جیاوازەكانی كۆنفرانسەكە پێشكەش كرد.
هەورامان ناوچەیەكی فراوانی سەوزی كوێستانییە لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەی دانیشتوانەكەی بە نزیكەی ٧٠٠،٠٠٠ هەزار كەس هەژمار دەكرێت كە نزیكەی ٦٠٠ گوند و شار و شارۆچكەی دەكەوێتە سنوری ئێران و ٢٣ گوند و ناحیە و شارۆچكەی دەكەوێت سنوری هەرێمی كوردستانی عێراقەوە.