سكاڵا لەسەر ئەرشەد ساڵحی تۆمار دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لایەنە كوردییەكان لە كەركوك ڕایانگەیاند، سكاڵا لەسەر ئەرشەد ساڵحی لە بەرەی توركمانی تۆمار دەكەن كە "سوكایەتی بە شەهیدانی 1963 كەركوك كردووە".
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تەموزی 2022، لایەنە كوردییەكانی شاری كەركوك لە بارەگای مەڵبەندی 2ی یەكێتی لە كەركوك كۆبوونەوە و دواتر ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان دژی لێدوانێكی ئەرشەد ساڵحیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەرەی توركمانیی بڵاوكردەوە، كە لە میانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنییدا سووكایەتیی بە شەهیدانی ساڵی ١٩٦٣ی كەركوك كردووە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە:" بەتووندیی وتەكانی پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی ئیدانە دەكەین، كە لە ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە كەناڵی عێراقییە – بەشی توركمانی، بەدەنگێكی نەشازی نابەرپرسانە بەرامبەر كەركوكییەكان و دوور لە بەهای پێكەوەژیان، بێڕێزییەكی زۆری بە شەهیدانی ساڵی ١٩٦٣ـی شاری كەركوك كرد، كە ئەو ٢٩ شەهیدە كوردەی، كە لە سێدارەدران لەو ساڵە بەتاونبار لەقەڵەمدا!".
" بەبیانووی ئەوەی ڕووداوەكانی ساڵی ١٩٥٩ی كەركوك پەیوەندی بە نەتەوەی كوردەوە هەبووە، ئەوەش لەلای ئێمە جێگای قبوڵكردن نییە و وێرای ئەو لێدوانە شیواندنی مێژووی خەبات و قوربانیدانی میلەتەكەمانە لە هەمانكاتیشدا تۆمەتێكی ناڕەوایە دژی ئەو پۆلە شەهیدە"، لایەنە كوردییەكانی كەركوك وا دەڵێن.
لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە كەركوك ئەو وتانەی ئەرشەد ساڵحیی ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن:" چونكە دەچێتە چوارچێوەی تێكدانی ئاشتەوایی نیشتیمانیی، كە خزمەت بەگیانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی كەركوك ناكات و هەروەك ڕوونە بۆ هەمووان، ئەو كەسێكی هەلپەرست و ناخۆشەویستە لەناو كەركوكییەكان و تەنانەت لە نێو پێكهاتەی توركمانیش".
ئەو لایەنانە داواش لە حزب و لایەنە سیاسییە توركمانییەكان دەكەن، “هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت و لە هەمانكاتیشدا ئەو دەنگە نەشازە بە فیتی وڵاتێكی هەرێمایەتیی دەزانین، كە دەیەوێت لەو ڕێگایەوە، برایەتیی پێكهاتەكانی كەركوك تێكبدات”.
لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بڕیاریشیان داوە سكاڵای یاسایی لەسە ر ئەرشەد ساڵحیی تۆمار بكەن و هاتووە: وەك ئەركێكی نەتەوایەتیی و بەرپرسیارێتی سەرشانمان، بە مافی خۆمانی دەزانینن كە بەپێی بڕگەی حەوتی دەستووری عێراقی و هەریەكە لە ماددەكانی ٢٠٠، ٣٧٢ و هەروەها، یاسای ژمارە ١١١ لە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ سكاڵای یاسایی دژ بەو پەرلەمانتارە تۆمار دەكەین.
