ئەردۆغان لەرێگەی میلیشیاكانەوە هێرشێكی بۆ سەر رۆژئاڤا تێكشكا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گروپێك لەچەكدارانی سەر بە"قەڵغانی فورات" كە میلیشیای سەر بە توركیان، پەلاماری گوندێكی نزیك لەمەنبەجیاندا و هێرشەكەیان لەلایەن شەرڤانانەوە تێكشكێندرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تەموزی 2022، ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لەڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، گروپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا هەوڵیانداوە بچنە ناو گوندی (محسێنلی) لەمەنبەج، بەڵام شەڕڤانان وەڵامێكی توندیان داونەتەوەو هێرشەكەیان تێكشكاندووە.
هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە"شەڕڤانانی ئەنجومەنەكە وەڵامی هەوڵی گروپێك لەچەتەكانی "قەڵغانی فورات"یان داوەتەوە، كە سەر بەتوركیان، ئەو میلیشیایانە دەیانویست بچنە ناو گوندی محسێنلی لەباكوری مەنبەج".
هاوكات ئەوەش روونكراوەتەوە كە "دوای شەڕێكی كورتو لەئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤاناندا هێرشی میلیشیاكان تێكشكێنراوەو ناچار هەڵهاتوون".
دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە كۆبونەوەی لوتكەی (ئێران، روسیا، توركیا) لەتاران لەهەوڵی ئەوەدا بوو كە قەناعەت بە پوتن و ئیبراهیم رەئیسی بكات تا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبكرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاڤای كوردستان) بەڵام سەرۆكی روسیاو ئێران بێ ئومێیدیان كردو لەبەیاننامەی هاوبەشدا ئەوە خراوەتەروو كە رێگری لەجوداخوازی دەكەن و كێشەكانی سوریا لەرێگەی دیالۆگی(سوری- سوری) چارەسەر بكرێت و هاوكاری دیمەشق بكرێت.