حكومەتی هەرێم بەفەرمی تۆپبارانەكەی زاخۆ لەلایەن توركیاوە شەرمەزار دەكات
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ شەرمەزار دەكات و تێیدا هاتووە:"داوا دەكەین، ھەرێمی كوردستان، لە كێشە و ململانێ ناوچەییەكان دووربخرێتەوە، بۆ ئەوەی چی دیكە ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی."
دەقی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان:
تۆپبارانكردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ھێزەكانی توركیاوە، بە توندی شەرمەزار دەكەین كە بە داخەوە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەك ھاووڵاتیی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
لە ماوەی رابردوودا، هەرێمی كوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، كراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان كەوتووە. پێویستە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بە شێوەیەكی كاراتر، ھەوڵی رێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.
پێكدادانی هێزەكانی توركیا و چەكدارانی پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێكی دیكەش داوا دەكەین، ھەرێمی كوردستان، لە كێشە و ململانێ ناوچەییەكان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی .
