وەفدەكەی عێراق لەهەولێرن و سەردانی شوێنی بۆردومانەكەی توركیا دەكەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، وەفدێكی عێراق گەیشتۆتە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێشوازی لێكراوە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەفدی هاوبەش سەردانی ئەو ناوچەیە لە زاخۆ بكەن كە بەر بۆردومانەكانی توركیا كەوتوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 20ی تەموزی 2022، وەزارەتی پێشمەرگە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ ئێوارە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی كرد لە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراقی، كە پێكهاتبوون لە د. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و فەریقی یەكەمی روكن عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و شاندێكی یاوەریان."
هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە كە وابڕیارە، هەر ئەمڕۆ شاندی هاوبەش سەردانی ئیدارەی زاخۆ و ئەو ناوچەیە بكەن، كە" بەر بۆردومانەكان كەوتووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون، بۆئەوەی لەنزیكەوە زیانە گیانی و مادییەكانی ناوچەكە ببینن و ئاگاداری روداوەكە بن."
بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا لەگوندێكی بادینان نۆ كەس گیانیان لەدەستداوەو ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 26 كەس كەهەموویان گەشتیاری عەرەبن، بەڵام كرێكارێكی كورد لەو ناوچە گەشتیارییە برینداربووە.