ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق چەندین بریاری توند دژ بەتوركیا دەردەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی بۆردومانەكەی توركیا دەركرد و بڕیاریدا، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بكشێنێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، ئەمشەو مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی، كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی كرد، لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنەكە بە توندترین زاراوە سەركۆنەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی توركیای كرد كە لە هاوینەهەواری گەشتیاری لە پارێزگای دەهۆك هاوڵاتیانی بێتاوانی كردە ئامانج، ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە.
دەقی بڕیارەكانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق:
یەكەم: ئەنجومەنی ئاسایشی، وەزارەتی دەرەوەی ئاڕاستەی كرد كە دۆسیەی یەكپارچەی هێرشە دوبارەبوەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی عێراقییەكان ئامادە بكات، هەروەها سكاڵایەكی بەپەلە لەو بارەیەوە پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان بكات.
دوەم: ئاڕاستەكردنی وەزارەتی دەرەوە بۆ بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە عێراق و ئاگاداركردنەوەی لە سزاكەیان.
سێیەم: هێنانی بەرپرسی كاروباری عێراق لە ئەنقەرە بۆ مەبەستی ڕاوێژكاری، ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ناردنی باڵیۆزی نوێ بۆ توركیا.
چوارەم: ئاڕاستەكردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەسەر دۆخی سنوری عێراق و توركیا، هەروەها بۆ گرتنەبەری هەمو هەنگاوێكی پێویست بۆ بەرگریكردن لە خۆ.
پێنجەم: بەدواداچون بۆ قوربانیانی هێرشەكە و كەسوكاری شەهیدان، و قەرەبوكردنەوەیان.
شەشەم: هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی چارەنوسساز بۆ رێگریكردن لە پێشێلكاری.
حەوتەم: داواكردن لە توركیا داوای لێبوردنێكی فەرمی پێشكەش بكات و هێزە سەربازییەكانی لە سەرجەم خاكەكانی عێراق بكشێنێتەوە.
هەشتەم: ئەنجومەنی ئاسایش رەتكردنەوەی خۆی دوپاتكردەوە بۆئەوەی خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێك و یەكلاكردنەوەی حسابەكان، هەروەها رەتكردنەوەی توندی خۆی لە بونی هەر رێكخراوێكی تیرۆریستی یان گروپێكی چەكدار لەسەر زەویەكانی دوپاتكردەوە.