توركیا راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆوە بڵاوكردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆوە پەنجەی تۆمەت بۆ "پە.كە.كە" رادەكێشێت دەشڵێت، داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەن لەژێر كاریگەری "پە.كە.كە" لێدوان نەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆ ئاماژەی بەوەداوە كە وڵاتەكەی "دژی هەر هێرش و كردەوەیەكە كە خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج" و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا دژی پەكەكە، "زۆر بە هەستیارییەوە ئۆپەراسیۆنەكان ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی خەڵكی سڤیل، ژێرخانی سڤیل، پێگەی مێژویی و كولتووری، سروشت پارێزراوبن."
ئەوەش لەكاتێكدایە لە هێرشەكانی ئەو وڵاتەدا لە باشوری كوردستان چەندین جار هاوڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، پەنجەی تۆمەتی بۆ پەكەكە راكێشاوە لەبارەی ئەنجامدانی هێرشەكەو وتوشیەتی"توركیا ئامادەیە هەمو هەنگاوێك لە هەر خاڵێك بنێت تاراستییەكان ئاشكرا دەكرێن."
ئەوەش رووندەكاتەوە كە داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەن لەژێر كاریگەریی پەكەكە لێدوان نەدەن.