بافڵ تاڵەبانی: بەزاندنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان ئیدانە دەكەین
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند كە"بەزاندنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و چەندبارەبونەوەی تۆپباران و هێرشەكانی سوپای توركیا و بەئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل و بێتاوان ئیدانە دەكەین".
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی تۆپبارانەكەی سنوری زاخۆ پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوا لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان دەكات روبەڕوی ئەو پێشهاتە نەخوازراوانە ببنەوە كە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی خەڵكەكەی روبەڕوی مەترسی كردوەتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ باسی لەوەشكردوە كە پرسە و هاوخەمی قوڵی خۆیان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی روداوەكەی ئەمڕۆی سنوری ئیدارەی زاخۆ دەكەن و هیوای چاكبونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین."
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت:"روبەڕوبونەوە و رێگریكردن لەم هێرشانە پەیوەستە بە هەڵوێستی نیشتمانی و یەكگرتویی هەمولایەكەوە و دەبێت كۆدەنگی نیشتمانی بەرامبەر ئەم روداوانە دروستبكرێت."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای توركیا تۆپبارانی سنوری سەیرانگای پەرەخی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی كرد و بەهۆیەوە نۆ كەس مردن و 26 كەسیش برینداربون كە ژن و منداڵیشیان لەناودایە.
