فواد حسێن: گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە كراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند:"دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە".

وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەی دەوڵەتی تورك حاشای لەوە كرد كۆمەڵكوژیەكەی ئەمڕۆی زاخۆی ئەنجام دابێت ڕایگەیاند، دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە كراوە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە زاخۆ رایگەیاند:" ئێمە شارەزا و بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە".
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەهات كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند ئەوان كۆمەڵكوژیەكەیان ئەنجام نەداوە و پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كرد.

فواد حسین كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عیراقە وتیشی:" پرۆسەی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق قبوڵناكرێت. دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە، توركیا دەیان گوندی كوردستانی عێراقیان داگیركردووە، لە جیاتی شەڕی پەكەكە پەلاماری گوندەكان دەدەن و خەڵكی سڤیل دەكوژن".

هاوكات، داوای كرد دەوڵەتی توركیا داوای لێبوردن بكات، ئەم هێرشانە رابگرێت، ئاشكراشی كرد لە ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی سكاڵا تۆماردەكەن لەسەر حكومەتی توركیا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار