لەپێشهاتێكی نوێدا؛ دادگای دەستوری توركیا تۆمەتەكانی سەر دەمیرتاش رەتدەكاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای دەستوریی توركیا بڕیارێكی گرنگی دەركردو هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەڵاحەدین دەمیرتاش كرابوون ڕەتكردەوە و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی كردووە لەسەر بنەمای نایاسایی".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022ن دادگای دەستوریی توركیا دانی بەوەدانا، "دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلانی كردووەو لەسەر بنەمای نایاسایی تۆمەتی پشتیوانییكردنی تیرۆریان خستۆتە پاڵ، جگە لەوەی دادگا بڕیاری قەرەبووكردنەوەشی بۆ دەمیرتاش دەركردووە".
دادگای دەستوریی توركیا لەبڕیارەكەیدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە بەرزكردنەوەی سكاڵا دژ بەسەڵاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی بەشدارییكردن لەچالاكییەكی ساڵی 2011 كە بەشێك لەبەشداربووان دروشمیان بۆ پشتیوانییكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) وتۆتەوە، پێشێلكردنی مافەكانی ناوبراوە.
" دەركەوتووە كە دەمیرتاش لەڕێكخەرانی چالاكییەكە نەبووە، هەروەك بەشداریكردنیشی بەتەنها مانای ئەوەنییە كە ناوبراو بەشدارە لەجوڵەی ئەوكەسانەی چالاكیی نایاساییان ڕێكخستووە"، دادگای دەستوری توركیا وا دەڵێن.
لەبەشێكی تری بڕیارەكەی دادگای دەستووریی توركیادا هاتووە، "بەرزكردنەوەی ئاڵای ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانو دروشمەكانی پشتیوانیكردنیان لەلایەن بەشێك لەبەشداربووان لەكاتی بەشداریكردنی دەمیرتاش، پاساو نییە بۆئەوەی بڕیاری دواخستنی یەكلاییكردنەوەی داواكەی بدرێتو ماوەی سێ ساڵ لەژێر چاودێرییدا بهێڵرێتەوە".
جگەلەوەی دادگا بڕیاریداوە دەبێت هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە بەبڕی 13 هەزارو 500 لیرە قەرەبوو بكرێتەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەنۆڤەمبەری لەساڵی 2016وە بەتۆمەتی پشتیوانیكردنی پەكەكە لەزیندانی ئەدرنەدایەو سەرەڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێتاوانی ناوبراوی سەلماندووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەنین ئازادی بكەن.