بەغدا رووداوەكەی زاخۆ لە توركیا قبوڵ ناكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رەتكردنەوەی بەرپرسیارێتیی لە كۆمەڵكوژیەكەی زاخۆ لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بە خاڵێكی ڕەش دەزانێت و دەشڵێت:" بە توندترین زاراوە ئەو هێرشەمان شەرمەزار كرد،ئەمڕۆ یاداشتێكی ناڕەزایەتیمان دایە عەلی ڕەزا گونای، باڵیۆزی توركیا".
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند:" ئێستا وەزارەتەكەمان لە چوارچێوەی كاری دیپلۆماسیدا زۆرترین پەیڕەوی ڕێكارەكان دەگرێتەبەر، دوێنێش بەیاننامەیەكمان بڵاوكردەوە بە توندترین زاراوە ئەو هێرشەمان شەرمەزار كرد،ئەمڕۆ یاداشتێكی ناڕەزایەتیمان دایە عەلی ڕەزا گونای، باڵیۆزی توركیا.
هەروەها ئاشكرای كرد ئەمڕۆ پەیوەندی بە نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراقەوە لە نیویۆرك كراوە بۆ ئەوەی داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بكرێت دانیشتنێكی بەپەلە ئەنجامبدات بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا و دەركردنی بڕیارنامەیەك كە گەرەنتی سەلامەتی و ئاسایشی عێراق بكات.
ئەوەی توركیا دەیڵێت رێككەوتنێك هەیە رێگەی پێدەدات بچێتە ناو عێراقەوە نادروستە، بەو پێیەی تەنها تۆماری كۆبوونەوەیەك هەیە ئەنقەرە لەگەڵ رژێمی پێشوودا ئەنجامیداوە، ئەو تۆمارەش پابەندی دەكات بە داوای مۆڵەت لە حكومەتی عێراق لەشكركێسی بكات ئەویش نابێت لە ٥ كم زیاتر بێت.
سەبارەت رەتكردنەوەی بەرپرسیارێتی لە هێرشەكەی دهۆك، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایگەیاند:" دەوڵەتی عێراق پشتڕاستی دەكاتەوە ئەنقەرە لە پشت هێرشەكەوەیە، یەكەم هێرش نییە و زنجیرەیەك هێرشی بەردەوامە، نكۆڵیكردنی توركیا لە بونی بەرپرسیارێتی (گاڵتەیەكی ڕەشە) دیپلۆماسیەتی عێراق ئەمە قبوڵ ناكات".
" عێراق چەندین بژاردەی هەیە بۆ گەرەنتیكردنی ئاسایش و سەروەری، ڕەنگە لەنێویاندا كاغەزی ئابووری هەبێت"، سەحاف وا دەڵێت.