روسیاو ئۆكرانیا رێككەوتن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
رووسیا و ئۆكرانیا رێككەوتنێكیان بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیا واژۆ كرد سەبارەت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە كە دەتوانێت قەیرانی خۆراكی لە جیهان چارەسەر بكات.

 بۆ كردنەوەی رێگەكانی گەیاندنی خۆراك و پەینی كشتوكاڵی لە نێو دەریای رەش، سێرگی شوێیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و ئۆلیكساندر كوبراكۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆكرانیا هەریەكەیان بە جودا رێككەوتنێكی هاوشێوەیان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیادا واژۆكرد.

 بەرپرسانی ئۆكرانیا رایانگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕە خوێناوییەی كە ماوەی پێنج مانگە لە نێوانیاندایە، نایانەوێت ناوی خۆیان لەسەر هەمان بەڵگەنامەی رووسیا دابنێن.

 دیپلۆماتەكان پێشبینی دەكەن تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ یەكەمجار هەناردەی دانەوێڵە بە قەبارەی تەواوی خۆی بگاتە نێو دەریای رەش. 

 لەكاتێكدا كە دوای چەند مانگێك لە دانوستاندن رێككەوتنەكە واژۆكرا، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: "ئەمڕۆ ترووسكەیەك لە دەریای رەشەوە هەیە، ترووسكەیەكی هیوا، ترووسكەی ئەگەرەكان، ترووسكەیەكی بەهاناوەچوون." 

 گۆتێرێز گوتیشی: رێككەوتنەكە "ئاسوودەیی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی لێواری مایەپووچبوون و خەڵكی بەشمەینەتی لێواری قاتوقڕی دەهێنێت." 

 هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان مەزەندە دەكات كە 47 ملیۆن كەسی دیكە لە ئەنجامی راستەوخۆی شەڕی ئۆكراینا رووبەڕووی "برسێتی تووند" بوونەتەوە.
 
هاوكات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:"هیوادارم ئەو رێككەوتنە لە كۆتاییدا رێگە بۆ بەرپابوونی ئاشتی لە ئۆكراینادا خۆشبكات".

شەڕەكە لە یەكێك لە بەپیتترین ناوچەكانی سەرانسەری ئەوروپا لەلایەن دوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی دانەوێڵە لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت. بەڵام كەشتییە جەنگییەكانی رووسیا و مینەكانی ئۆكرانیا بۆ رێگریكردن لە هێرشێكی وشكانی لەنێو دەریای رەشدا دانراون، بوونەتە رێگر لەبەردەم هەناردەكان، لە ئەنجامدا نزیكەی 25 ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵەی دیكە لە بەندەر و سایلۆكاندا ماونەتەوە.      
 
بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن، بەخێرایی بڕیاردرا، چونكە لابردنی مین لە ناوچەكەدا كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی مەترسییەكانی برسێتی كە لەسەر هەندێك لە هەژارترین ناوچەكانی جیهان درووستبوون، كەم ببنەوە.
 ئەو رێككەوتنەی كراوە، ژمارەیەك رێڕەوی سەلامەت دادەمەزرێنێت كە لە رێگەیانەوە كەشتییەكانی ئۆكراینا دەتوانن لە سێ بەندەری دیاریكراوی دەریای رەش لە ئۆدێسا و دەوروبەری بێنە ژوورەوە و دەربچن.
 هەروەها هەردوولا بەڵێنیان دا كە لە كاتی هاتووچۆدا هێرش نەكەنە سەر كەشتییەكان.
 میخایلۆ پۆدۆلیاك، راوێژكاری سەرۆكایەتی ئۆكرانیا هۆشداریدا كە هەر پێشێلكارییەكی رووسیا لە دژی رێككەوتنەكە یان هەر لەشكركێشییەكی بۆسەر دەوروبەری بەندەرەكانی ئۆكرانیا بە "وەڵامێكی سەربازی دەستبەجێ" وەڵام دەدرێتەوە.
 
ناوەندێكی هاوبەشی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن لە ئەستەنبوڵ دادەمەزرێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دڵنیابوونەوە لە روونەدانی كێشە لە گواستنەوەی دانەوێڵەكان. 
 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار