بزانە توركیا لە بادینان چ كارەساتێكی دیكە ئەنجام دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
"كاتێك دەچیتە چەند ناوچەیەكی بادینان و بەتایبەت برادۆست، هیچ تۆڕێكی پەیوەندیی شەبەكەی نامێنێتو نامەیەكت بۆ دێت دەڵێت، بەخێربێی بۆ خاكی توركیاو ئەوەش پاكێجەكانی پەیوەندیی كردنی توركیایە"، ئەندامێكی تیمی رێكخراوی CPT وا دەڵێت.
كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT چەند زانیارییەكی گرنگ لەبارەی داگیركاریەكانی توركیاوە ئاشكرادەكاتو ڕاشیگەیاند:"كە دەچیتە گوندی بەرمیزە لەسنوری برادۆست هیچ تۆڕێكی پەیوەندیی شەبەكەی نامێنێتو نامەیەكت بۆ دێت دەڵێت، بەخێربێی بۆ خاكی توركیاو ئەوەش پاكێجەكانی پەیوەندیی كردنی توركیایە".
هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەر لەو سنورە خەڵكەكەی ناتوانن بینەری هیچ كەناڵێكی كوردی بنو هەرچی كەناڵێك كە بونی هەیە توركیە، وتیشی:"سوپای توركیا دەچنە ناو خەڵكی ئەو سنورەو دیاری بەخەڵكی گوندەكەو سنورەكە دەدەن... منداڵانێكی زۆر لەو گوندەو دەڤەری برادۆست فێری توركی بونو ئەمەش بۆتە گرفت بۆ لەیەكحاڵیبونی منداڵانی ئەو سنورە، چونكە بەشێكیان بەتوركی قسە دەكەن".