وەزیری بەرگری: توركیا بە قوڵایی 105 كیلۆمەتر هاتۆتە عێراقەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، وەزارەتی بەرگری راپۆرتێكی لەبارەی تۆپباران و بۆردوومانەكانی سوپای توركیا خوێندووەتەوە وەزیری بەرگری ئاشكرای كرد كە توركیا بە قوڵایی 105 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە و داگیری كردووە.
ئەمڕۆ شەممە 23ی تەموزی 2022، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەی هێرش و تۆپبارانەكانی توركیا كرد و لە دانیشتنەكەدا وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئامادەبوون.
لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، وەزارەتی بەرگری راپۆرتێكی لەبارەی هێرشەكانی توركیا و هاتنە ناوەوەی سوپای ئەو وڵاتەی بۆ ناو خاكی عێراق خوێندووەتەوە.
وەزیری بەرگری عێراق جەختی لەوەكردەوە كە سوپای توركیا بەقوڵایی 105 كیلۆمەتر خاكی عێراقی داگیر كردووە.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، سوپای توركیا چەندین جۆر چەكی قورس و سووكی لە خاكی عێراقدا هەن، لەوانە زرێپۆش، تانك، تۆپ، كۆپتەر و چەندین جۆرە تەقەمەنی و چەكی سووك.
بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تۆپبارانەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی گوندی پەرەخێ لە سنووری زاخۆ. هێرشەكە بە تۆپی جۆری 155ملیم كراوە، كە ئەو جۆرە تۆپەش ناتوانرێت جێگۆڕكێی لە ناوچە شاخاوییەكاندا پێبكرێت و دەبێ جێگیربێت كە سوپای توركیا بۆردومانەكەی ئەنجام داوە.