موختاری گوندی پەرەخێ بۆ هاوڵاتی: سوپای توركیا هەڕەشەدەكات تا چۆڵی بكەین

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز.دهۆك
موختاری گوندی پەرەخێ ئەوە ئاشكرا دەكات كە سوپای توركیا تۆپ و رۆكێت دەنێت بەگوندەكەیانەوەو دەشڵێت:"هەڕەشەمان لێدەكات تا گوندەكە چۆڵ بكەین".

گوندی پەرەخێ، لەبادینان، ئەو گوندەیە كە رۆژی 20ی تەموز 9 گەشتیاری عەرەب و 31 كەسی دیكە بە چوار گولەی تۆپی 155 سوپاكەی ئەردۆغان بوونە قوربانی و ئەوەش كاردانەوەی توندی عێراق و نێودەوڵەتی هەبووە.

جەمیل عەبدوڵا، موختاری گوندی پەرەخێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت" دوو مانگە هیچ ئیسراحەتمان نیە، بەردەوام دەوروبەری گوند و ناو گوند بۆردومان دەكرێت، تەنها لەو دومانگەدا زیاتر لە100جار دەوروبەری گوند بۆردومانكراوە".

هەروەها وتیشی:"تائێستا دوو كەس لە دانیشتووانی گوند برینداربوون لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە10سەر مەڕ،  یەك خولەكیش ئیسراحەتمان نیە".

"زۆرینەی گوندەكانی دەوروبەرمان چوڵكراون، سوپای توركیا هەڕەشەمان لێدەكات گوند چوڵبكەین تا زیاتر بێتە پێشەوە وناوچەكە بكەوێتە دەستی ئەوان، ئەگەر تۆپ و رۆكێت لە پێش دەرگا و نزیك گوند دراون ئەوە هەڕەشەیە"، موختاری گوندی پەرەخێ وا دەڵێت.

هاوكات، ئەوەشی روونكردەوە كە زیاتر لە10خێزان لەو ماوەیە ماڵەكانی خۆیان گواستەوەتەوە بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە، وتیشی:" ئێستا نزیكەی100كەسێك لەگوند دا دەژین، وابڕوات ئێمەش ناتوانین لە گوندا بمێنینەوە، هیوادارم سوپای توركیا دووربكەوێتەوە لەناوچەكەمان تا بە ئیسراحەت ژیانی خۆمان بكەین".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار