سوپای توركیاو میلیشیاكانی هێرشیان بۆ سەر رۆژئاڤا دەستپێكردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سوپای توركیاو میلیشیاكانی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر ڕۆژئاڤای كوردستان دەستپێكردووە و لەیەك كاتدا چەندین ناوچە تۆپباران دەكەن و زیانی گیانیی لێكەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ 24ی تەموزی 2022، ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكردووەتەوە، سوپای تورك و میلیشیاكانی لە بەیانی ئەمڕۆوە دەستیان بە تۆپبارانكردنی ناوچەكانی زرگان، تلتەمر، تلڕەفعەت و ڕێگای نێوان تلتەمر-قامیشلۆ كردووە.

هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە سوپای توركیا دەیان گوندی ئەو ناوچانە و سەنتەری ناوچەی تلڕەفعەت تۆپباران دەكەن و چەندین گوللـەتۆپیان ئاراستەی ئەو ناوچانە كردووە.

لە تۆپبارانەكەی سەر تلتەمر-دا هاوڵاتییەك و گیانی لەدەستدا و چوار هاوڵاتیش برینداربوون، كە دوانیان ژنن، هەروەها سەربازێكی سوپای سووریا كوژراوە و چوار سەربازی دیكەش برینداربوون.

هاوكات بەهۆی تۆپبارانی سوپای توركیا لە ناوچەكانی شەرا و شێراوای عەفرین، دوو سەربازی سوپای سووریا برینداربوون.

هەر لە تۆپبارانەكانی سوپای توركدا لە ناوچەی زرگان، سەربازێكی سوپای سووریا كوژرا و چوار كەسی دیكەش برینداربوون.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار