كابینەكەی مەسرور بارزانی پشكی بەنزینی بۆ سلێمانی كەمكردەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كە سیستمی دابەشكردنی بەنزین لەهەرێمی كوردستان دەگۆڕێت، بەشە بەنزینی سلێمانی بەو هۆیەوە كەمدەكرێتەوە.
ئەمڕۆ 24 تەموزی 2022، فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەئێستادا ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنرێت، لەو بڕە لەسەدا 40ی بۆ پارێزگای هەولێرو لەسەدا 40ی بۆ پارێزگای سلێمانیو لەسەدا 20یشی بۆ دهۆك تەرخاندەكرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەمەودوا دابەشكردنی بڕی بەنزین بەسەر پارێزگاكاندا بەپێی ژمارەی ئوتۆمبێل لەهەر پارێزگایەكدا دەبێت.
بەپێی ئەو ئامارەی فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەدو ملیۆن ئوتۆمبێل هەیە، یەك ملیۆنو 775 هەزارو 145 ئوتومبێل بەبەنزین كاردەكەن، لەو ژمارەیە، لەسەدا 55ی ئەو ئوتۆمبێلانە لەهەولێرنو لەسەدا 31ی لەسلێمانیو لەسەدا 14ی لەدهۆكە، بەو پێیەش لەمەودوا دابەشكردنی بەنزینی بەرهەمهاتو بەمشێوەیە دەبێت، لەسەدا 57.2 بۆ هەولێرو لەسەدا 29.3 بۆ سلێمانیو لەسەدا 13.5ی بۆ دهۆك دەبێت.
