سوپاكەی ئەردۆغان لەبادینان ئاژەڵە كێوییەكانیش دەكاتە ئامانج

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
لە چیاكانی كوردستان ئاژەڵێكی زۆری بزن و ئاسكە كێوییەكان لەلایەن سوپاكەی ئەردۆغان دەكرێنە ئامانج و دەكوژرێن،  پزیشكێك چەندین ئاژەڵی كێوی بریندار چارەسەر دەكات.

دكتۆر فرات ڕحا لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لە بادینان پزیشكە و تا ئێستا چەندین بزنەكێوی و ئاسكی برینداری چارەسەركردووە، بە ئاژانسی فورات نیوزی راگەیاند:" دەوڵەتی تورك چیاكانی كوردستان تاڵان و كاول دەكات كاتێك هێرش دەكاتە سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، ئەو هێرشانە تەنها دژی گەریلا و هاوڵاتیانی مەدەنی نییە، بەڵكو ئەو هێرشانە لە دژی هەموو بوونەوەر و زیندەوەرەكانە".

هەروەها دەڵێت:" هەموو زیندەوەران لە چیاكانی كوردستاندا دەكرێنە ئامانجی ئەم هێرشە دڕندانەیە، ئەم بزنە كێوییە، كە لە باوەشی مندایە لە هێرشەكەی دەوڵەتی توركدا برینداربووە، دوای بۆردومانەكە هەڤاڵان ئەم بزنە كێوییەیان دۆزییەوە و هێنایان بۆ من. ئێمە نەك تەنها مرۆڤەكان، بەڵكو هەموو زیندەوەرەكان چارەسەر دەكەین. سەری ئەم بزنە كێوییە بریندار بووە و قاچی شكاوە. دوای چارەسەركردنیش ئازادی دەكەین".

فرات ڕحا بانگەوازی بۆ ئاژەڵ دۆستان و ژینگەپارێزان هەبوو كە پێویستە ژینگەپارێزان و ئاژەڵ دۆستان لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی توركیا هەڵوێستیان هەبێت، وتیشی:" سوپای توركیا لە لایەكەوە دارەكان دەبڕێتەوە و لە لایەكی دیكەشەوە ئاژەڵەكان دەكوژێت و سروشتی كوردستان كاول و خاپور دەكات. هیچ كەسێك دەنگێكی دژی ئەو تاوان و كاولكارییانە لێوە نایەت، بەڵام ئەوانەی خۆیان بە مرۆڤ دەزانن، خۆیان بە ژینگەپارێز و ئاژەل دۆست دەزانن، دەبێت لە دژی ئەم دڕندەییە دەنگیان بەرز بكەنەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕن و هەڵوێستیان هەبێت".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار