نێچیرڤان بارزانی: پێكەوە دەتوانین سەختییەكان تێپەرێنین

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكیدا داوا دەكات هەماهەنگی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە كاراتر بكرێت و دەشڵێت:" بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق، هاریكاری و كاری هاوبەش و پێكەوەیی لە ‏تەواوی هێز و لایەنە عێراقییەكان دەخوازێت بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە ‏سەختییەكان تێپەڕێنن".

دەقی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

زنجیرە پەلامار‌ی شەوی ڕابردووی داعش لە سنووری بەغدا، دیالە، سەڵاحەدین و ‏كەركووك بۆ سەر هێزە چەكدارەكان و پۆلیسی فیدراڵیی عێراق كە حەوت شەهید و ‏و زیاتر لە بیست برینداری لێكەوتەوە، زەنگی مەترسییەكی جددیە.‏
جموجۆڵ و بەهێزبوونەوەی داعش و فراوانبوونی هێرش و پەلامارەكانی، هەڕەشەی ‏ڕاستەقینە‌ لە ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی عێراق دەكەن كە پێویستە بە جددی ‏هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و وەڵامی یەكلاكەرەوەی بدرێتەوە. ‏
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی داعش، پێویستە هاریكاری و هەماهەنگییەكی ‏كاراتر لەنێوان سوپا و هێزە چەكدارەكان و پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و ‏هەرێمی كوردستاندا بكرێت. هەروەها پێویستە پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ‏دژی داعش بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.‏
بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق، هاریكاری و كاری هاوبەش و پێكەوەیی لە ‏تەواوی هێز و لایەنە عێراقییەكان دەخوازێت بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە ‏سەختییەكان تێپەڕێنن و چیتر دۆخی ئاڵۆزیی سیاسی نەبێتە هۆكاری تێكچوونی ‏ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزبوونەوەی زیاتری داعش.‏
سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری شەهیدان دەكەم، هاوسۆز و هاوخەمیانم، ‏هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.‏
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
‏2022/7/25‏
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار