سێ سیخوری توركیا لە رۆژئاوای كوردستان دەستگیركران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان دەستگیركردنی سێ ئەندامی میتی توركی راگەیاند كە دەستیان لە كوشتنی چەند فەرماندەیەكی یەپەگەدا هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تەموزی 2022، هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند:" لە پرۆسەیەكدا توانراوە سێ سیخوڕ دەستگیر بكرێت كە پیاوێك و دوو ژن بوون لە بەرژەوەندی توركیا لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كارییان كردووە".
هەروەها ئەوە ئاشكرا كراوە كە ئەو سێ كەسە ماوەیەكی زۆرە چاودێری كراون و دوای دەستگیركردنیان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و "دەستییان لە كوشتنی سەوسەن بیرهات، جێگری فەرماندەی هێزەكانی یەپەگە كە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن توركیا شەهیدكرا، ئەو كەسانە تێوەگلاون لە كوشتنی روبار حەسەكە و چەند فەرماندەیەكی هەسەدا هەبووە".
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بارەی چارەنوسی ئەو كەسانەوە ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە بەڵگەنامەی پێویست كۆكراوەتەوە و رەوانەی دادگا كراون و دوای ساغبونەوەی تەواوی تۆمەتەكان بەپێ تاوانەكانیان سزا دەدرێن.