هەپەگە: گورزی گەورەیان لە سوپای توركیا وەشاندوەو 36 سەربازیان كوشتووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەپەگە رایگەیاند: لە شەڕو پێكدادانەكانیان لەگەڵا سوپای توركیا 36 سەربازی توركیا كوژران و دوو سەربازی تریش برینداربوون.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە راگەیەنراوێكی سەبارەت بەشەڕو پێكدادانەكانیان لەگەڵا سوپای توركیا لە هەریمەكانی ئاڤاشین و مەتینا و زاپ بڵاوكردەوە،و دەڵێت:" 36 سەربازی توركیا كوژراون و 2 سەربازی تریش برینداربوون"، و ئاشكراشیكرد: "گەریلا دوو درۆنی تێكشكاندوەو گورزیان لە هێلیكۆپتەرێكی سوپای توركیا وەشاندووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "سوپای توركیا سەنگەرەكانی شەڕی گۆڕەپانەكانی بەرخودانی شەش جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی، ١٥ جاریش بە فڕۆكەی شەڕ، ١١ جاریش بە هەلیكۆپتەری هێرشبەر و بە دەیان جاریش بە هاوەن و كاتیوشا بۆردومانكردووە".
ئامارەكانی هەپەگە لەبارەی كوژرانی سەربازانی توركیا لە كاتێكدایە، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، رایگەیاندووە: "سەربازێكیان بە تەقینەوەی مینێكی چێندراو گیانی لەدەستداوەو مینەكەش لەلایەن گەریلاكانی پارتی كریكارانی كوردستان پەكەكە دانراوە."