بۆردومانەكەی زاخۆ، توركیا دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش

فوئاد حوسێن لەئەنجومەنی ئاسایش: پێویستە سوپای توركیا لەخاكی عێراقدا نەمێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

 

رووداوی تۆپبارانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرەخێ لە زاخۆ توركیا دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش، وەزیری دەرەوەی عێراق و جنین پلاسخارت راپۆرتی ورد لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو و فوئاد حوسێن  لەنیۆیۆرك رایگەیاند:» داوا دەكەین سوپای توركیا لەخاكی عێراقدا نەمێنێت و ئۆپەراسیۆنەكانی كۆتایی پێبێت».

تۆپبارانی توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ لە 20ی تەمموزدا لەزاخۆ 9 كوژران و 31 برینداری لێكەوتەوە، كە خەڵكی ناوەڕاست و  باشووری عێراق بوون، ئەوەش توڕەیی بەرفراوانی شەقامی عێراقی بووەوە، لەشارە جیاجیاكان خۆپیشاندان دژی توركیا كراو وێنەی سوتانی ئاڵای ئەو وڵاتە لەلایەن خەڵكەوە لەبەردەم ناوەندی ڤیزای توركیا لەكەربەلا بڵابووەوە.

لەبەغداد خۆپیشاندەران ئاڵای توركیایان لەسەر باڵیۆزخانەكەی هێنایەخوارەوە، هاوكات لە نەجەف و ناسریەو كەركوك خۆپیشاندان كراو دروشمی توند دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی بەرزكرایەوە.

بەغداد نزیكەی 216 سكاڵای پێشكەشی خودی حكومەتی ئەنقەرە كردووە، بەڵام وادیارە ئەنقەرە هیچی لەبەرچاو نەگرتووە، چونكە پێشلكاریەكانی بەرامبەر سەروەری خاكی عێراق و هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامەو  تەنها لەماوەی چوار ساڵداو لەساڵی 2018ەوە توركیا  22 هەزارو 740 پێشێلكاری ئەنجامداوە، دوای هێرشەكەی بۆ ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆش بەردەوام بووە لەتۆپباران و بۆردومانكردنی خاكی هەرێم.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كەهیچ رێككەوتنێكی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ ئەنقەرەدا نیەو توركیا ئامانجی فراوانخوازی هەیە لەپشتی ئەو هێرشانەی كە ئەنجامی دەدات.

هاوكات فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەشاری نیویۆرك وتی:» هەفتەی رابردووی سەر هاوینەهەواری پەرەخی لەپارێزگای دهۆك 9 كەسی گەشتیار تێیدا شەهید بووەو 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە».

هەروەها وتیشی:» توركیا بەردەوام پێشێلكاری كردووەتە سەر خاكی عێراق و ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لەئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش  دەكەین بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت».

فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:» داوا لەسەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت».

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو كە توركیا رێز لەسەروەری خاكی عێراق ناگرێت و داوا دەكەین مامەڵەی دوژمنكارانەی توركیا كۆتایی پێبهێندرێت، وتیشی:» توركیا رێز لەداواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك ئەوە راست نییە».

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لەپشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لەبارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتووشیەتی، «ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كەدڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژی كردووەتە سەر خاكەكەمان».

هاوكات وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە توركیا بە بیانووی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوەو پەكەكەش بەهەمان شێوە لەناو خاكی عێراقدا بوونیان هەیەو ئەوەش شتێكە كە مایەی قبوڵ نییە كە كێشەكانی توركیا لەناو خاكی عێراقدا یەكلایی بكرێنەوە.

 فوئاد حوسێن ئەوەشی دووپاتكردەوە لەناو ئەنجومەنی ئاسایش كە»گوشار بكرێت و ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكان بهێنێت، بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش بێت بێت بەدەمییەوە».

نكۆڵی توركیا ... گاڵتەی رەش

نوێنەری توركیا لەئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوەكرد لەماوەی چل ساڵی رابردوودا بەهۆی پێكدادانەكانیان لەگەڵ پەكەكەدا 40 هەزار سەربازیان كوژراون، هاوكات نیگەرانی خۆشی لەبارەی وتەكانی فوئاد حوسێن دەربڕی كە حكومەتی توركیای بەو رووداوەی زاخۆ تۆمەتبار كردووە.

مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی گوندی پەرەخی رایگەیاند: «بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن هێزە چەكدارەكانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، هیچ هێرشێك دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لەدهۆك ئەنجام نەدراوەو هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی: هێرشەكەی هەفتەی رابردووی پارێزگای دهۆك پەكەكە ئەنجامیانداوە بەئامانجی زیانگەیاندن بەپەیوەنیەكانی توركیاو عێراق.

لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم نكۆڵیكردنەی توركیا لەهێرشەكەی سەر پارێزگای دهۆك بە «گاڵتەی رەش» وەسفی كردو رایگەیاند: دیبلۆماسیەتی عێراقی ئەم شێوازە لەوەڵامدانەوە قبوڵناكات.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش سەبارەت بەتۆپبارانەكەی زاخۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت:» هیچ هێزێكیان لەو ناوچەیە نیە و گردەكانی چواردەوری ئەو هاوینەهەوارەش سوپای توركیای لێیەو رووداوەكە پەیوەندی بەئێمەوە نیە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق جارێكی دیكە توركیای بەدرۆخستەوەو رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە».

دوێنێ سێشەممە 26ی تەمموز، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، گەیشتە زاخۆو  سەردانی بارەگای فەوجی دووی لیوای یەكی پاسەوانی سنوور و لیوای یەك لەناوچەی باتوفە لەقەزای زاخۆی كرد راپۆرتێكیان لەبارەی دۆخی سنووریی عێراق و توركیا ئامادەكردووەو ئاڵای عێراقیان بەرانبەر ئاڵای توركیا بەرزكردەوەو وتیشی:» پلانی تەواو هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هێڵی سنوورەكە».

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رۆژی شەممە 23/7/2022 بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپاو جێگری پرۆسە هاوبەشەكان سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا كۆبوەوەو رێوشوێنەكانی عێراق بەرامبەر رووداوەكە تاووتوێكرا.

لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان داوای كشانەوەی سوپای توركیا لەخاكی عێراق كرد، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامە ئەمنیەكان لەگەڵ وڵاتی توركیا.

كاردانەوە لەسەر ئاستی كوردستان

سەبارەت بەكاردانەوەی دەسەڵات و سەرۆكایەتیەكان و حزبەكانی هەرێم لەبارەی پەلامارەكەی توركیا بۆسەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ، رووبەڕووی رەخنەی جددی دەبنەوەو لەسەر ئاستی نووسەران و خەڵك و هەڵوێستەكانیان بەلاواز وەسف دەكرێت، لەبەرامبەردا ئەگەر تێبینی كاردانەوەی سەركردە عێراقیەكان بكەین هەڵوێست و كاردانەوەكانی ئەوان روونتر و توندترە، هەر بۆ بیرهێنانەوە، موقتەدا سەدر هەرزوو هاتەجواب و رایگەیاند:» توركیا زیاتر بێ ئەدەب بووە»، وتیشی: «وەك هەنگاوی یەكەم پێشنیاز دەكەم، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە، فرۆكەخانەو دەروازە زەمینییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن».

هاوكات، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داوای لەحكومەتی عێراق كرد «سنوور لەگەڵ توركیا دابخات و كۆمپانیاكانی توركیا لەكاركردن بوەستێنێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار