دكتۆر ئـۆنـڵایـن؛ بنكەیەكی تەندروستی لەگیرفانی هاووڵاتیاندا

3 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و ئاسانكاری پڕۆسەكان، لەكوردستاندا پڕۆژەیەكی تەكنەلۆجی لەبەردەستی بەكارهێنەراندایەو هاووڵاتیان دەتوانن لەماڵەكانی خۆیاندا پەیوەندی بكەن یان لەڕێی ئەپڵیكەیشنەوە داوای پزیشكی پسپۆڕ بكەن و پزیشكەكان سەردانی ماڵەكانیان دەكەن و چارەسەری پێویستیان پێدەدەن.
پڕۆژەی دكتۆر ئۆنڵاین لەدەستپێكی ساڵی 2021 وەك ئەپڵیكەیشن چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و پێنج خزمەتگوزاری پزیشكی لەخۆدەگرێت كە لەئێستادا سیانیان بەردەستن ئەوانیش خزمەتگوزاری راوێژكاری بەخۆڕایی، كە هاووڵاتیان دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵا 18 پسپۆڕی جیاواز بكەن،خزمەتگوزاری پزیشكی ناوماڵا كە لەناو ماڵدا بەهەمان نرخی تاقیگە پشكنینت بۆ ئەنجامدەدرێت، خزمەتگوزاری نۆرە وەرگرتن كە هەزارو 500 دكتۆر بەردەستە لەهەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان دەتوانن نۆرە وەربگرن و سەردانی پزیشك بكەن كە 24 كاتژمێر رۆژانە بەردەستن.
د.وشیار یاسین، بەرپرسی كاروباری پزیشكی دكتۆر ئۆنڵاین لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: دوو خزمەتگوزاری دیكە بەمزووانە بەردەست دەبن، ئەوانیش خزمەتگوزاری دەرمانخانەی ئۆنڵاین كە نەخۆش تێیدا دەتوانێت داوای دەرمان بكات و خزمەتگوزاری تێلی مێدسین كە پزیشكێكی دەرەكی لەسەر شاشەیەكی گەورە و رۆبۆت كەبەستراوە بەنەخۆشەكەوە دەستدەكات بەچارەسەركردنی و پزیشكێكی كورد یارمەتی نەخۆش دەدات لەقسەكردن و باسكردنی نەخۆشییەكەی بۆ زمانەكانی دیكە.
وتیشی: رۆژانە 100 كەس پەیوەندیمان پێوە دەكات و تائێستا 47 هەزار و 314 كەس پرسیاریان لەپزیشكانی ئێمە كردووە وەڵام دراونەتەوە كە زیاتر داواكاری لەسەر نەخۆشیەكانی دڵا و ئافرەتان و نەخۆشیەكانی پێست كراوە كە بێ بەرامبەر هاووڵاتیان لێی سودمەندبوو.
ژیلە مەهدی، تەمەن 25 ساڵا مامۆستایەكی شاری هەولێرە و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ساڵی پار پەیوەندیم بە ستافی دكتۆر ئۆنڵاینەوە كرد بەمەبەستی پشكنینی كۆرۆنا و بەماوەی بیست خولەك هاتنە ماڵەوە و بێبەرامبەر پشكنینیان بۆ دایكم كرد.
وتیشی: دكتۆر ئۆنڵاین خزمەتگوزاریەكی باشەو داوا لەهاووڵاتیان دەكەم بەكاریبهێنن چونكە لەماڵی خۆم و هیچ ماندوو نەبووم و چارەسەریشم وەرگرت و ئەوانەی چووبوونە نەخۆشخانە دوو هێندەی منیان سەرفكردووە.
ئیبراهیم عەبدولوەهاب، تەمەن 32 ساڵ ئەندازیارێكی شاری هەولێرە و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: خزمەتگوزاری پڕۆژەی ناوماڵمان لەدكتۆر ئۆنڵاین بەكارهێنا بۆ خزمەتگوزاری ناوماڵا و كاتێك پەیوەندیمان پێوە كردن بەماوەی نزیكەی بیست خولەكێك گەیشتنە لامان و پشكنینی كۆرۆنایان بۆ كردین و ستافێكی باشن و كوالێتیان بەرز بوو و ستافێكی بەڕێز بوون لە مامەڵەكردنداو ئەنجامەكانیش بە ئۆنڵاین لەڕێی ئەپڵیكەیشنەكەوە دەنێرنەوە و نرخەكانیشیان موناسبن لەچاو بازاڕدا.
