لەڕێكخستنەوەی میلاكاتی حكومەتی هەرێمدا چارەنووسی كارمەندی رێكخراوەكان یەكلادەكرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



 

 

سەركۆ جەمال

 

بەشێك لەكارمەندانی رێكخراوەكان كە كادری یەكێتین و مووچەكانیان سەر بەگەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمە، هێشتا دۆسیەكانیان بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو چاوەڕێی ئەنجومەنی راژە دەكەن لە رێكخستنەوەی میلاكاتدا دەرماڵەیان بۆ هەژمار بكرێت نەك تەنها مووچەی بنەڕەتی.

لەهەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار مووچەخۆر هەیەو تەنها 750 هەزار فەرمانبەری هەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 40% ی لەخانەنشین و مینحەی كەسوكاری شەهیدان و چەند چین و توێژێكی دیكە پێكهاتوون.

لەهەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی هەزاران كادری حزبییان لەدامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم جێكردووەتەوە، زۆرێكیان دابەشكراون بەسەر فەرمانگەكانی حكومەت و ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن، بەڵام بەشێكیان تائێستاش دەوام ناكەن، لەسنووری دەسەڵاتی پارتی ئەو كەسانە هیچ كێشەیەكیان نەماوەو پلەی وەزیفی و خزمەتیان بۆ هەژماركراوە، بەڵام لەسنووری دەسەڵاتی یەكێتی هێشتا نزیكەی 400 لەو كادرانە كێشەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوەو مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن.

ئەحمەد عەلی، یەكێك لەو كارمەندانەیە كە سەر بەگەنجینەی وەزارەتی داراییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەساڵی 2013ەوە وەك كارمەندی حكومەت مووچە وەردەگرم، بەڵام مووچەكەم بنەڕەتییەو كەمترە لە 500 هەزار دینار».

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ئەوان دەوام ناكەن و چاوەڕێی یەكلاكردنەوەیانن، وتیشی:» وەك بەشێك لەكارمەندانی دیكە دابەش نەكراوین بەسەر وەزارەتەكاندا و بەوهۆیەوە تەنها مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن و هیچ پلەیەكی زانستی و خزمەتمان بۆ هەژمار نەكراوە».

رۆژی 19ی تەمموزی 2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ رێباز حەملان كۆبووەوەو هەیكەلی ئەنجومەنی راژە پەسەندكرا بۆ ئەوەی دەست بكرێت بەرێكخستنەوەی میلاكات.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»گفتوگۆ كرا لەبارەی چۆنییەتی كارو رۆڵی ئەنجومەنی گشتی راژەو رێكخستنەوەی میلاكات، یەكێك لەئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حكومەتە لەپرسی رێكخستنەوەی میلاكات و درێژەپێدانی ریفۆرمی ئیداریی و رێكخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لەكەرتی گشتی».

ناوبراو باسی لەوەشكرد ئەوەش بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاری كردنی پلەو وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەكانی حكومەت پشت بەست بەمیلاكاتی ئەلكترۆنی كەبڕیارە دروستبكرێت».

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو بڕیاری ئەنجومەنی راژە پێویستی بەوەیە بچێتە وەزارەتی دارایی ئەوكات وەكو لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاگاداری وردەكاریەكەی دەبن.

بەوتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی رێكخستنەوەی میلاكات بارگرانی بۆ وەزارەتەكە دروستدەكات

سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»رێكخستنەوەی میلاكات بارگرانی بۆ بودجەی حكومەت دروستدەكات بۆ پێدانی مووچە، هەر گۆڕانكارییەك دروست ببێت كاریگەری دەبێت، ئەو كەسانەشی سەر بەرێكخراوەكانن كۆنن و هیچ كێشەیەكیان نابێت».

سەرچاوەكە وتیشی:»ئەگەر پلەكانیان دەستكاری بكرێت بێگومان مووچەكانیان چارەسەر دەكرێت و ئەوكات مووچەی بنەڕەتی وەرناگرن، بەڵام بەشێكی زۆریان كێشەكانیان چارەسەر كراوە».

لەسەر ئەو پرسە نەبەرد فوئاد وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا لەئەنجومەنی راژەوە هیچ وردەكارییەك بەئێمە نەدراوە و هەرچی بێتە ئێرە دەرخستەی بۆ دەكەین».

سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی راژە چارەنووسی بەشێك لەفەرمانبەرانی رێكخراوەكان رووندەكاتەوە كە تائێستا دابەشنەكراون بەسەر وەزارەتەكاندا، :»هەر شتێك كە لایەنی دارایی دەگرێتەوە پێویستی بەپلانە، هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار فەرمانبەری هەیە، بەدەر لەخانەنشینان 750 هەزار فەرمانبەر دەمێنێتەوە ئەگەر مانگانە یەكی هەزار دینار بچێتە سەر مووچەكەی زۆردەكات».

وتیشی:»زۆربەی كارمەندەكانی رێكخراوەكان دابەشكراون بەسەر وەزارەتەكاندا، هەركاتێك ئەوانەی ماون بڕیاریان بۆ دەربچێت مووچەكانیان دەستكاری دەكرێت و بەپێی پسپۆڕی و خزمەتەكانیان لەشوێنی خۆیان یاخود شوێنی دیكە دادەنرێن».

ئەنجومەنی راژەی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاساكە 14 ئەركی هەیە، بەشێك لەئەركەكانی بریتین لەپرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەران لەسەر بنەماو پێوەری تایبەتی و بەڕەچاوكردنی پرەنسیپی شیاویی كەسەكان و تواناكانیان، رێكخستنەوەی میلاكی فەرمانبەران و گواستنەوەی راژەو هاوسەنگیی لەژمارەی فەرمانگەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار